کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نرخی ڕاستەقینەی هەڵاوسان ١٥٧%ە

12:16 - 16 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا:  بەپێچەوانەی ئامارەکانی ڕێژیم سەبارەت بە ڕێژە و نرخی هەڵاوسان لە ئێران، مامۆستایەکی زانکۆی جانز هاپکینز دەڵێ هەڵاوسان لە ئێران ١٥٧%ە!

مامۆستای بەناوبانگی ئابووریی لە زانکۆی جانز هاپکینزی ئامریکا، پرۆفسۆر هانکێ لە وتووێژێکدا لەگەڵ دەنگی ئامریکا ڕایگەیاندووە: بەپێچەوانەی ئیددعاکانی ڕێژیمی تاران نرخی هەڵاوسان لە ئێراندا ١٥٧%ە و وتوویەتی: خەڵکی ئێران دەزانن کە هەڕەشە و جێبەجێ کردنی تەحریمەکان بەواتای هاتنی شەپۆلێکی دیکە لە کەمی بودجەی وڵاتەکەیانە و تەنیا ڕێگە بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەم کەمایەسییە چاپ کردنی پارەی نوێیە.

ناوبراو وێڕای ئاماژەکردن بە قەیرانە ئەرزییەکانی چەند مانگی ڕابردوو لە ئێران وتوویەتی: بەسەرنجدان بەوەیکە تەحریمەکان دەس پێدەکەنەوە، خەڵک لە هەر دەرفەتێک کەڵک وەردەگرن تاکوو ڕیاڵ بگۆڕنەوە بە زێڕ و دۆلار یان تەنانەت شەکر و ئارد! هەر بەم هۆیەوە هەڵاوسان لە ئێراندا دەگاتە چڵەپۆپەی خۆی.

ناوبراو دەڵێ: بەپێی دوایین لێکۆڵینەوە و توێژینەوەکانی من، نرخی هەڵاوسانی ساڵانەی ئێران ١٥٧%ە لە حاڵێکدا کە ڕێژیمی ئێران وتوویەتی هەڵاوسان تەنیا ٢/١٠%ە کە ئەمە ڕاست نییە.