کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نرخی کەلوپەلەکان لە کوردستان بەردەوامە لە هەڵکشان

18:35 - 4 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: نرخی کەلوپەل و پێداویستییەکانی ژیان لە شارەکانی کوردستاندا بەردەوام لە هەڵکشاندایە و هیچ هەوڵێکیش بۆ چارەسەری قەیرانی گرانی لە ئارادا نییە.

بەوتەی هەواڵنێرە ماڵپەڕ لە شاری سەقز، تەنیا لە ماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوودا و لە پاش ڕاپۆرتی پازدە ڕۆژەی ئابووری کە لە "کوردستان میدیا" بڵاو کرایەوە نرخەکان بەشێوەیەکی سەرسووڕهێنەر زیادیان کردووە کە بە کورتی بەم چەشنەیە:

میوەکان لە چاو سێ ڕۆژ لەمە پێش زیاتر لە بیست تا سی لە سەد گران بوون . شەلیل لە ٥٥٠٠تمەنەوە چووەتە ٨٠٠٠ تمەن، خەیار لە ٣٠٠٠ تمەنەوە بووە بە ٤٠٠٠ تمەن، مریشکی زیندو لە ٦٥٠٠ تمەنەوە بووە بە ٧٣٠٠ تمەن، مریشکی پەڕ کەندە ئێستا ١٠٠٠٠ تمەن.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە زۆربەی قەسابیەکان گۆشتی سووریان نییە و دەڵێن لە چەند ڕۆژی داهاتوودا لە ٤٢٠٠٠ تمەنەوە دەچێتە سەروی ٥٠٠٠٠تمەن.

هەواڵنێری کوردستان میدیا هەروەها ڕایگەیاند: دوکاندارانی تەڕەبارەکان مانگرتنی کامیۆندارەکان بە هۆکاری ئەمجارەی گران بوونی میوەکان ناو دەبەن.

لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەشیدا دەڵێ: بەڕاستی وردەکاری ئاڵوگۆڕی ڕوو لە گرانی ئەم سێ ڕۆژە پێویستی بە گەڕان و بەدواداچوونێکی زۆر نییە، چونکە بە شێوەیەکی زەق و بەرچاو هیچ شتێک لە کڕین نایێت .