کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نسکۆ و دابڕان، هەوێنی وتووێژی تایبەتی کوردستان میدیا لەگەڵ مستەفا هیجری

21:07 - 24 خاکەلێوه 2715

ماڵپەڕی كوردستان میدیا لە پێوەندی لەگەڵ كتێبی نسكۆ ‌و دابڕان، لەگەڵ مستەفا هیجری، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و نووسەری ئەم کتێبە پێک هێنا.

دەقی ئەم وتووێژە تایبەتە بەم چەشنەیە:

كوردستان میدیا: كتێبێكی ئێوە لەم دواییانەدا بە ناوی نسكۆ‌و دابڕان بڵاوكرایەوە ‌و دەنگ‌و باسێكی بەرفراوانی لە نێو خوێنەراندا هێناوەتە پێش‌و هەركەسە‌و هەڵسەنگاندنی خۆی لەسەر بڵاو كردنەوە‌و نێوەرۆكی ئەو كتێبە هەیە، چۆن بوو كە لەم كاتەدا ئەم كتێبەتان بڵاو كردەوە؟

مستەفا هیجری: وەك ئاگادارن حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران لەگەڵ ئەو هاوڕێیانەی کە نێزیك بە ٩ ساڵ لەوەپێش(١٣٨٥ی هەتاوی) لە حیزب جیابوونەوە زیاتر لە ساڵێكە لە ووتوێژداین، بە مەبەستی یەكگرتنەوەی دووبارە، ئەگەر ئەو وتووێژانە بە ئامانج بگەن ـ كە هیوادارم وابێ‌ـ دیارە دوای یەكگرتنەوە بە هۆی ئەوەی بەشێكی زۆر لەو بابەتانەی كە لە ناوەرۆكی كتێبەكەدا هاتوون سەبارەت بە جیابوونەوەكانی حیزبی دێموكرات لە ماوەی نێزیك بە سێ‌دەیەی ئەم دواییانەدا باش نەدەبوو ئەو كتێبە بڵاو بكرێتەوە چوونكە لێكدانەوەكانی من لەسەر هۆ ‌و كاراكتێرەكانی جیابوونەوەكان لەگەڵ لێكدانەوەكانی ئەوان كە لەو پێوەندییەدا ـ تا ئێستا ـ بڵاویان كردووەتەوە بە تەواوی لەگەڵ یەكتر ناتەبان‌و لەوانەیە بووبا بە هۆی كێشەیەكی نوێ‌لە حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێراندا. بەم چەشنە نووسینەكانی ئەوان لەسەر هۆی جیابوونەوەكان كە زۆرتر چەواشەكاری لە مێژووی سی ساڵەی حیزبە ‌و لە راستای شەرعیەتدان بە جیابوونەوەیەكن كە هەركام لە كاتی خۆیدا زەربە ‌و زیانی زۆریان لە پەیكەری حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران ‌و خەباتی گەلی كورد لە خۆرهەڵاتی كوردستان دا‌و، زۆر بابەتی گرینگی دیكە لەو ماوەیەدا، بۆ گەلی كورد ‌و تەنانەت زۆرێك لە ئەندامان‌و لایەنگرانی حیزبی دێموكرات هەروەك زۆر لایەنی مێژوویی كورد هەروا بە شاراوەیی دەمانەوە. بە پێی بڵاوكراوەكانی لایەنە جیابووەكان حیزبی دێموكرات بە هۆكاری ئەم دابڕانانە تۆمەتبار كراوە. بۆیە بە پێویستم زانی، پێش یەكگرتنەوە ئەو كتێبە بگا بەدەستی خەڵك، بۆ ئەوەی داوەری ئەوان لە رووی سەرچاوەیەكی یەك لایەنەی جیابووەكان نەبێ‌.
رەنگبێ‌ ئەگەر كەسانێكی دیكە لە حیزبی دێموكرات زەحمەتیان كیشابا‌و لە وڵامی بڵاوكراوەكانی هاوڕێیانی جیابووە‌و ئەو تاوانباركردنە ناعادڵانەی یەك لایەنەیەی ئەوان نووسیبایان یان ئەگەر ئەو هاوڕێیانە پێشتر بەم شێوەیە بە نووسینەكانیان، ئەو بەشە لە مێژووی حیزبیان چەواشە نەكردبایە‌و لە جیاتی داوای لێبوردن لە خەڵكی كوردستان، لەو كردەوە پڕ زەرەر‌و زیانەیان بۆ جووڵانەوەی كورد، هەموو تاوانی جیابوونەوەكانیان نەخستبایە سەر ملی حیزبی دێموكرات، من ئەو كتێبە یان لانیكەم ئەو بەشانەی كە پێوەندییان بە جیابوونەوەكانە نەمنووسیبان.

كوردستان میدیا : بەڵام ئایا نەدەكرا نووسینەكانتان لەو بەشە لە كتێبەكە بە شێوەیەك بووایە كە نەبێتە هۆی دڵنیگەرانی ئەو هاوڕێیانە كە ئێستا لەگەڵیان لە وتووێژدان بە مەبەستی یەكگرتنەوە؟

مستەفا هیجری: من لەو باوەڕەدام كە لە نووسینەوەی مێژودا پێویستە راستییەكان بخرێنە بەرچاوی خوێنەر بۆ ئەوەی خەڵك لە راستییەكانی مێژووی خۆیان ئاگادار بن، بە بێ‌لەبەرچاوگرتنی دڵخۆش كردن یان رەنجاندنی كەس یان كەسانێك. منیش لە نووسینی ئەو كتێبە تەنیا مەبەستم ئاشكرا كردنی وردەكارییەكانی ئەم چەند رووداوەی حیزبی دێموكرات بووە، كە بۆ خۆم لە نێویاندا بووم‌و لێیان ئاگادارم. پێموایە خەڵك مافی خۆیەتی لە راستی رووداوەكانی مێژوویی خۆی ئاگادار بێ‌، ئەوانەی لە رابردوودا بۆ پێخۆشبوونی كەسانێك یان بەدژی كەسانێكی دیكە مێژووی نەتەوەیی خۆیان چەواشە كردووە‌و راستییەكانیان لە خەڵك شاردوەتەوە نەك هەر خزمەتیان بە خەڵك نەكردووە، بەڵكوو مافیان زەت كردوون، بەداخەوە مێژوو پڕە لەو ماف زەوت كردنانە لە لایەن هێندێ‌لە مێژوونووسانەوە.
دیارە لێرە قسەم لەسەر ئەوە نیە كە لەبەر بەرژەوەندی نیشتمانی ـ نەك بەرژەوندی كەس یان گرووپێك ـ هێندێك زانیاری بۆ ماویەك ئاشكرا ناكرێن، بەڵام پێویستە لە كاتی خۆیدا ئەو زانیاریانە بە دروستی بدرێن بە خەڵك. بە تایبەت بۆ منیش گرنگ بوو كە تا چەند كەس لەوانەی پێشتر لانیكەم مێژووی دوو جیابوونەوەی ساڵەكانی ١٣٦٧و ١٣٨٥ یان چەواشە كردووە لە ژیاندا ماون كتێبی نسكۆ‌و دابڕان ببینن ‌و ئەگەر هەڵەیەكی تێدا كراوە بۆچوونی خۆیانی لەسەر بنووسن. من لە ئێستاوە سوپاسی هەموو ئەو بەڕێزانە دەكەم كە بە نووسینەكانیان هەڵەكانی ئەو كتێبە راست بكەنەوە، یان بۆ منی بنێرن تا لە چاپەكانی دیكەدا كەڵكیان لێ‌وەربگرم‌ و كتێبەكە دەوڵەمەندتر بكەم.
كوردستان میدیا: لەو باوەڕەدانین كە كادر ‌و پێشمەرگە ‌و ئەندامانی حیزب دوای خوێندنەوەی ئەو كتێبە نیگەرانییان لە بەرەوپێشچوونی رەوتی یەكگرتنەوەی حیزب لەگەڵ لایەنی جیابووە بۆ بێتە پێش؟

مستەفا هیجری: ئەگەر مەبەستی هاوڕێیانی پێشوومان كە لە دوو جیابوونەوەی دواییدا بەشدار بوون، بەدوای بەهانەدا گەڕان بۆ دواخستنی وتووێژەكان نەبێ‌، بە بڕوای من خوێندنەوەی ئەو كتێبە نەك هەر نابێ‌ببێتە هۆی ئەو نیگەرانییە، بەڵكوو بە پێچەوانە دوای خوێندنەوی نسكۆ‌و دابڕان باشتر لە هۆیەكانی جیابوونەوەكان شارەزا دەبن‌و، بە شارەزایی‌و چاوەكراوەییەوە قسە لەسەر یەكگرتنەوە دەكەن، ئەو پرسە زۆر گرینگە كە ئەگەر ئەندامانی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران‌و خەڵكی كورد بەگشتی‌و نەسلەكانی داهاتووش كە نووسینەكانی كەسایەتییەكانی ئەو لایەنەیان خوێندوەتەوە كە لەو نووسینانەدا هەموو خەتاكانی جیابوونەوەكانیان خستووەتە سەر حیزب‌و خۆیان بێ‌هەڵە‌و خەتا نیشانداوە، بزانن راستییەكان شتێكی دیكەن. سەرەڕای ئەوە ئێمە كتێبی ئەزموونی خەبات كە وڵامی پرسیارەكانە كە لە عەبدوڵڵا حەسەنزادە كراوە لە خۆ دەگرێ‌خوێندمانەوە، بەڵام بەو حاڵەش هەر ئامادەبووین بۆ بەرەوپێشبردنی رەوتی وتووێژەكان.

10620.jpg

كوردستان میدیا : هاوڕێیانی پێشوومان زۆر رەخنەیان لەوە گرتووە كە لەو بەشەی كتێبەكەدا كە تەرخان كراوە بە جیابوونەوەی دوایی (ساڵی ١٣٨٥ی هەتاوی) بێ‌رێزیتان بە هێندێك كەسایەتی ئەو لایەنە كردووە، ئایا ئەو رەخنەیە لە جێی خۆی دایە؟

مستەفا هیجری: مەبەستی من لە نووسینی ئەو كتێبە بێرێزی كردن بە هیچ كەس نەبووە، بەڵكوو وەك لە وڵامی یەكێك لە پرسیارەكانی پێشووی ئێوەدا‌ و هەروەها سەرەتای كتێبەكەدا نووسیومە، دانی هێندێك زانیاری لەسەرچەند رووداوی مێژوویی بیست‌و هەشت ساڵی ئەم دوایییانەی حیزب بووە كە پێویستە خەڵك لێی ئاگادار بن‌ و راست كردنەوەی هێندێك چەواشەكاری كە كەسانێك پێشتر لە نووسینەكانی خۆیاندا لەو پێوەندییەدا كرد بوویان. ئەوەی بۆ خۆشم بیستوومەتەوە وابزانم ئەو رەخنەیە زۆرتر لە بەكارهێنانی وشەی سەرشۆڕییە كە بۆ كاراكتێری سەرەكی جیابوونەوەكەی ساڵی ١٣٨٥ی هەتاوی لە كتێبەكەدا هاتووە، راستییەكەی من ناوەڕۆكی ئەو تەعبیرەم هەر لە قسەكانی ئەو كاراكتێرە نەتیجە وەرگرتووە، ئەو كەسایەتییە هەروەك لەو بەشەی نسكۆ ‌و دابڕاندا هاتووە، لە كۆبوونەوەیەكدا كە دوای یەكگرتنەوەی ساڵی ١٣٧٥ پێكهات باس لەوە دەكا ئێستا كە یەكگرتنەوەكە بە ئامانج گەیشتووە هەموومان سەربەرزین دیارە مەبەست زۆرتر سەربەرزی خۆیەتی كە لە راستیدا بەوشێوە‌و مەبەستەی لە كتێبەكەدا هاتووە، هەوڵێكی زۆری بۆ یەكگرتنەوەدا ئێستا پرسیار ئەوەیە كە ئەگەر هەوڵدان بۆ یەكگرتنەوەی حیزبی دێموكرات‌و ئەو هاوڕێیانەی كە بەدوای كۆنگرەی هەشت جیابوونەوە ‌و ناوی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران ـ رێبەرایەتی شۆڕشگێڕ یان لەسەر خۆیان دانا، سەربەرزییە، هەمان كاراكتێر دوای كۆنگرەی سێزدەی حیزب، نەك لەبەر كێشەی سیاسی، بەڵكوو تەنیا لەبەر بەرژەوەندی تاقمی خۆی، وەك بۆخۆی دەڵی حیزب لەت دەكا ‌و ئەو كارەساتە پێك دێنی سەرشۆڕی نیە، چ ناوێكی دیكەی دەتوانی لەسەر دابنێی؟
كوردستان میدیا: پرسیارێكی دیكە كە رەنگە پرسیاری هێندێك لە خوێنەرانی كتێبی نسكۆ ‌ودابڕانیش بێ ئەوەیە، ئایا دەتوانین بڵێن ناوەڕۆكی ئەو كتێبە رای رێبەرایەتی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێرانە یان تەنیا رەنگدانەوەی رای بەڕێزتانە؟

مستەفا هیجری: ئەو كتێبە لەسەر ئەركی خۆم چاپكراوە ‌و دەربڕی رای خۆمە ‌و لەبەرانبەر هەموویدا بەرپرسم، جا رەنگە لە نێو رێبەرایەتی حیزبیشدا وەك هەموو خوێنەرانی بەڕێزی دیكەی كتێبەكە، كەسانێك لەسەر هێندێك خاڵ یان بابەت تێبینی خۆیان هەبێ، ئەوە مافی خۆیانە.

كوردستان میدیا: بەدوای بڵاوبوونەوەی كتێبی نسكۆ ‌و دابڕان كاك خالید عەزیزی لە وتووێژێكدا لەگەڵ كەناڵی تەلەویزیونی كورد كاناڵ لەسەر زۆر بابەت سەبارەت بە پرۆسەی وتووێژی نێوان حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران ‌و لایەنی خۆیان ‌و بەتایبەت رەخنەیان لە بڵاوبوونەوەی ئەو كتێبە گرتووە ئێوە ئەو وتووێژەتان بیستووە؟ ئەگەر بیستووتانە بۆچوونتان لەسەری چیە؟

مستەفا هیجری: بەڵێ، هەم وتوویژەكەم گوێ لێ گرتووە‌و هەم خوێندوومەتەوە، لەسەر قسەكانی كاك خالید تێبینی زۆرم هەیە، بەڵام جارێ تەنیا لەسەر چەند خاڵێك لەو وتووێژە قسە دەكەم كە پێموایە بۆ كوێگرانی ئەو وتووێژە روونكردنەوەیەكە‌و، ئەگەر پێویست بوو باقییەكەی لە كاتێكی دیكەدا قسەیان لەسەر دەكەم:
یەكەم ـ لە دانیشتنی پێكەوەی دوو دەفتەری سیاسیدا كۆمەڵێك بابەت باس كراون‌و ئەوەش راستە كە لەلایەن ئێمەوە گوترا كە بڕیاردان لەسەر بەشێك لەو خاڵانەی باسی كردوون لە سەلاحیەتی كۆمیتەی ناوەندیدایە، بۆیە ئێمە ئەو خاڵانە دەخەینە بەرچاوی پلنیۆم ‌و لە ئاكامەكەی ئاگادارتان دەكەینەوە. بەڵام نە لەو كۆبوونەوەیە‌و نە لە دانیشتنی دوو بە دوومان لەگەڵ كاك خالید لەلایەن ئێمەوە بە هیچ جۆرێك نەگوتراوە كە ئێمە ئەو پێشنیارە دەبەینە پلنیۆم كە بڵێین دێموكراتەكان، چوونكە ئەو بابەتە لانی كەم تا ئێستا لە حیزبی دێموكراتدا وەرناگیرێ، لە حاڵێكدا كاك خالید لە وتووێژەكەدا وادەنوێنێ كە لەو دوو دانیشتنەدا ئەو خاڵە تەوافوقی لەسەر كراوە‌و دەڵێ‌:
بەڵام بەداخەوە كاتێك ئەوان ماوەیەك پێش ئێستا پلینۆمیان گرت، ئێمە هەر چاوەڕوان بووین ‌و چاوەڕوانیمان دەكرد وڵامێكی باش بێتە دەرێ‌، یەكەم هەر قسەی جاران بوو، هاوڕێیانی پێشوو دەتگوت لەو كۆبوونەوەیەدا نە من لەگەڵ كاك مستەفا دانیشتووم‌ و نە هیچم گوتووە‌و نە هیچ تەوافوقێكمان هەبووە‌و نە دەفتەری سیاسی لەگەڵ یەك دانیشتووین.
لە حاڵێكدا ئەندامانی دەفتەری سیاسی هەر دوولا ‌و كاك خالیدیش باش لە بیریانە دوای باسێكی زۆر لە كۆبوونەوەی هەر دوو دەفتەری سیاسیدا، یەك لە هاورێیانی هەیئەتی ئەوان ئەو پیشنیارەی هێنا ئاراوە، من زۆر بە روونی وڵامم داوە كە ئەگەر لە وتوێژەكانماندا لەسەر هەموو خاڵەكان رێككەوتین پێم وانیە كۆمیتەی ناوەندی ئێمە لەسەر ئەو داوایە‌و لە بەیانیەی یەكگرتنەوەدا ئەو كارە گەورەیە لەسەر خاڵێكی وا پەك بخا. لەحاڵێكدا كاك خالید هەر لەو وتووێژەدا‌و زۆر جاری دیكەش باس لەوە دەكا كە: لە حاڵێكدا ئێمە هەرگیز لە هیچ شوێنێك داوامان لەو هاوڕێیانە نەكردووە كە ئێوە ئێمە بەرەسمی بناسن.
دووهەم: لە وڵامی پرسیارێكی دیكەی كوردكاناڵ كاك خالید باس لە نامەیەك دەكا بۆ ئێمەیان ناردوە ‌و دوو پێشنیاریان هێناوەتە گۆڕێ، بەڵام لەلایەن ئێمەوە هێچ وڵامێكیان پێ نەگەیشتوتەوە، بۆیە كاك خالید گلەیی دەكا. ئەو گلەییە بەجێییە‌و پێویست بوو ئێمە زووتر وڵامیان لێ بگێڕینەوە، بەڵام ئەم وڵام نەدانەوە بە هۆی كەمترخەمی، فەراموش كردن یان هەر هۆیەكی دیكە بێ وەدوا كەوت.