کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێنەری حیزبی دێموکرات لە وڵاتی بریتانیا بەشداری لە کۆنفڕانسی حیزبی کرێکارانی بریتانیا کرد

20:23 - 6 رەزبەر 2717

کوردستان میدیا: نوێنەری حیزبی دێموکرات لە وڵاتی بریتانیا بەشداریی لە کۆنفڕانسی ساڵانەی حیزبی کرێکارانی بریتانیا کرد و لەگەڵ چەند کەسایەتیەکی دیاری ئەم حیزبە کۆبووەوە.

لە ڕۆژانی یەکشەممە تا چوارشەممە ٢هەتا ٥ی ڕەزبەڕی ١٣٩٦ی هەتاوی، ئاکام ڕەحیمی نوێنەری پەیوەندیەکانی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی بریتانیا لەسەر بانگهێشتی ڕەسمی حیزبی کرێکاری بریتانیا، لە شاری برایتۆن بەشداری له کۆنفڕانسی ساڵانەی ئەو حیزبەی کرد.

حیزبی کرێکار لە سەدەی بیستەوە یەکێکە لە حیزبە سەرەکیەکانی وڵاتی بریتانیا. ئەم حیزبە لە ساڵی ١٩٦٠ دامەزراوەو چەندین جار لە هەڵبژاردنەکاندا براوە بووە و حکوومەتی پێکهیناوە، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٠ەوە وەک حیزبی ئۆپۆزیسیۆن لە بریتانیا کار دەکات.

ئەم حیزبە بە سەرۆکایەتی جێرێمی کۆربین هەواداری لە نێو خەڵک، بەتایبەتی لە نێو لاواندا لە بەرزبوونەوە دایە و هیواخوازە لە هەڵبژاردنی داهاتوودا براوە بێت و حکوومەت پێک بهێنێت.

لە کۆنفراسی ئەم ساڵی حیزبی کرێکار کە لەژێر درووشمی هیوا بۆ وڵاتەکەمان بەرێوەچوو، نیزیک بە ١١٠٠٠ کەس بەشدار بوون و زیاتر لە ٤٠٠ کۆبوونەوەو و بەرنامەی جۆراوجۆر بەڕێوەچوون. نوێنەر و سەفیری زۆرێک لە وڵاتانی وەک ئامریکا، فەرانسە، ئاڵمان و ئیسرائیل و کەسایەتی و دۆستانی حیزبی کرێکار لەو کۆنفراسەدا بەشدار بوون.

نوێنەری پەیوەندیەکانی حیزب لە بریتانیا لە ماوەی چوار ڕۆژدا لە کۆبوونەوەی کردنەوەی کۆنفرانسەکەدا بەشداری کرد و دواتریش چاوی بە چەند کەسایەتی بەشدار و ئەندامانی پەرلەمانتاری وڵاتی بریتانیا کەوت.

لەم چاوپێکەوتنانەدا نوێنەری حیزب بارودۆخی ئێستای کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات و پێشێلکاریە مرۆڤی و نیزامیەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکەدا شی کردەوەو گرینگی پاڵپشتی نێونەتەوەیی بۆ مەسەلەی کورد بە گرینگ نرخاند.

نوێنەری حیزب هەروەها لە چەند کۆبوونەوەیەکی پەیوەندیدار بە ئەرک و ڕۆڵی حیزبی کرێکار لە جیهاندا بە تایبەتی مەسەلەی پاڵپشتی مافی مرۆڤ بەشداری کرد و بیروڕای لە گەڵ بەشدار بوواندا ئاڵوگۆڕ کرد. حیزبی کرێکار بە یەکێک لە داکۆکارانی مافی مرۆڤ دادەنرێ و ویستوویەتی ڕۆڵێکی ئەرێنی بۆ داکۆکی لە مافی مرۆڤ لە سەرتاسەری جیهاندا بگێرێ.

زۆرێک لە ئەندامانی ئەو حیزبە بە ڕاشکاوی ئیدانەی پێشێلکاریە مرۆڤیەکانی کۆماری ئیسڵامی لە دژی کورد دەکەن و پێیان وایە دەبێ فشار بخرێتە سەر حکوومەتی ئێران لە مەڕ ئەم پێشێلکاریانەدا.

نوێنەری حیزبی دێموکرات هەروەها بەشداری لە کۆبوونەوەیەک کرد لە ژێرناوی بەرگری بەرامبەر دیکتاتۆری تورکیا و بیناتنانی ئالتێرناتیڤێکی دیموکراتیک لە سووریە – رۆڵی گرینگی کورد لە پێناسەی نوێی رۆژهەڵاتی ناڤیندا. لەم کۆبوونەوەیەدا باس لە بارودۆخی کورد لە هەرچوارپارچەی کوردستان و بەتایەبەت رۆڵی تورکیە کرا و گرینگی پشتگیری نوێنەتەوەیی بۆ مەسەلی کورد بۆ بەشداربووان ڕوون کرایەوە.

بەشێکی دیکەی کارەکانی نوێنەری پەیوەندیەکانی حیزب لەم کۆنفرانسەدا بریتی بوون لە بەشداری لە بانگهێشتی دۆستانی ئیسرائیلی حیزبی کرێکار و بەشداری لە وتاری کۆتایی سەرۆکی حیزبی کرێکار جێرێمی کۆربین لە مەراسیمی کۆتایی هاتنی کۆنفراسەکەدا.