کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێنەری پێوەندییەکانی حیزب سەردانی پارلمانی سویدی کرد

12:00 - 4 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: لە دیدار و چاوپێکەوتن لەگەڵ نوێنەری پێوەندییە نیونەتەوەییەکانی حیزبی چەپ لە پارلمانی سوید، نوێنەری پێوەندییەکانی حیزبی دێموکرات کۆمەڵێک باس و بابەتی پێوەندیدار بە ئێرانی ورووژاند.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٢٣ی مەی ٢٠١٨ حەمید تەیموری نوێنەری پێوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە سوید، سەردانی پارلەمانی ئەم وڵاتەی کرد و لەگەڵ خاتوو یاسمین نیلسۆن نوێنەری پێوەندییە نیونەتەوەییەکانی حیزبی چەپی ئەم وڵاتە کۆبوویەوە.

لەم دیدارەدا ناوبراو باسێکی تێروتەسەلی لە پێوەندی لەگەڵ کار و چالاکییەکانی حیزب و هەلومەرجی ئەم دواییانەی حیزب و رووداوەکانی کوردستان بە گشتی و حیزبی دێموکرات بە تایبەتی کرد، پاشان لەسەر ئەم خاڵانە دوا.

ـ قەیرانی ڕێژیم لەم دواییانەدا و رەنگدانەوەی ئەو قەیرانانە لە چوارچێوەی خۆپیشاندانی خەڵکی ئێران لە شارەکان و بەتایبەتی لە خۆپیشاندانی کوردەکانی رۆژهەڵات لە شارە کوردنشینەکان.

- مانگرتنی خەڵکی شارەکانی رۆژهەڵات بە بۆنەی ژیانی نالەباری کاسبکاران و بەرزکردنەوەی باج و خەراج.

ـ کوشتن و بریندار کردنی کۆڵبەرانی کورد لەسەر سنوورەکان و گرتن و ئازاردانیان و تەنانەت رەحم نەکردن بە ئەسپ و هێسرەکانیشیان لە لایەن هێزەکانی ڕێژیم.

ـ باس کردن لەسەر زوڵـم و زۆری هێزەکانی ڕێژیم بۆ سەر بنەماڵەی زیندانیانی سیاسی و بەرتیل وەرگرتن لەو بنەماڵانە

ـ دیاردەی خۆکوژی کچان و ژنان لە کۆمەڵگای ئێران و کوردستان کە هۆکارە سەرەکییەکەی دەگەڕێتەوە بۆ قەیران و داڕمانی بارودۆخی ئابووری و ماڵی لەو وڵاتەدا

- ئێعدامی دژبەران و خەڵکی بێتاوان بەتۆمەتی ناڕەوای

ـ هەڵنەگرتنەوەی ئەو مینانە کە ساڵانێکی زۆرە لە لایەن ڕێژیمەوە لەسەر سنوورەکان چێندراون و بەردوام کاسپکار و منداڵ و خەڵکی ئەو شوێنانە دەکەنە قوربانی

- دەستوەردانەکانی رێژیم لە کاروباری وڵاتانی ناوچە و یارمەتیدانی گرووپە توندڕەوە ئیسلامییەکان و نانەوەی شەڕ و ئاژاوە لە ناوچەکەدا

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا نوێنەری پارلەمان چەند پرسیاری لەپێوەندی لەگەڵ هەڵوێستی حیزبی دێموکرات سەبارەت بە بەناوهەڵبژاردنەکان لە ئێران و مافە ئێتنیکییەکان لە ئێران ئاراستەی نوێنەری پێوەندییەکانی حیزبی دیمۆکرات کرد کە لەلایەن حەمید تەیموورییەوە بە وردی وڵامیان درایەوە.