کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێنەری پێوەندییەکانی حیزبی دێموکرات سەردانی پارلەمانی سوئیدی کرد

22:13 - 22 خاکەلێوه 2718

کوردستان میدیا: حەمید تەیمووری نوێنەری پێوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە پارلەمانی سوئید کۆمەڵێک پرسی گرینگی تاوتوێ کرد.

ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٢١ی خاکەلێوەی ١٣٩٧ی هەتاوی، حەمید تەیمووری بە مەبەستی دیدار و چاوپێکەوتن لەگەڵ نوێنەری نێونەتەوەیی حیزبی لیبراڵ فرێدریک ماڵم (Fredrik Malm) سەردانی پارلەمانی سوئید پێک هێنا. لەو چاوپێکەوتنەدا کۆمەڵێک پرسی گرینگیان تاوتوێ کرد کە بەم شێوەیە بوو:

سەرەتا باسێکی کورت لەسەر هەلومەرجی حیزب و گرتنی سەرکەوتووانەی کۆنگرەی شانزدە و ئاڵوگۆڕەکان و داهێنانی سیستمی نوێ لە نێو حیزبدا کرد. پاشان باسی ئامادەیی پێشمەرگەی حیزب کرد، بۆ هەر ئەگەرێک لە بەرانبەر کۆماری ئیسلامی کە هەردەم هەڕەشەی کوشتن و بۆردمان لە حیزب و بەگشتی ڕێکخراوە کوردییەکان نیشتەجێ لە باشوور دەکات و مەترسی سەر کەمپەکانی حیزب.

دواتر باسی هەلومەرجی خۆرهەڵاتی کوردستان و فشاری ڕێژیم بۆ سەر لاوان و ژنان و کاسبکارانی کورد لە شار و لە لادێیەکان کرد، کە لە ئەنجامی دەسبەسەرکرانی لاوانی کورد لە خۆپێشاندانەکانی ئەم مانگانەی دوایی تەنانەت چەند لاوی کورد لە ژێر ئەشکەنجەدا گیانیان فیدا کردووە. باسی بەرزبوونەی ڕێژەی خۆهەڵواسین و ئێعدامی زیندانیان کرد، کە لە بەندیخانەکانی ڕێژیم له شارە کوردییەکان و تەنانەت بەندیخانەکانی دیکەی شارەکانی ئێراندا ئێعدام دەکرێن یا خۆ هەڵدەواسن.

تەیمووری بەگشتی باسی خۆپێشاندانی شارەکانی ئێران، کە زیاتر لە سەد شاری گرتەوە و بە قسەی ماسمیدیای ئێران تاکوو ئێستا ٢٥ کەس بوونەتە قوربانی و ٥ کەسیش لەژێر ئەشکەنجەدا گیانیان لە دەست داوە.

ناوبراو کورتەیەکی لەسەر ماددە سڕکەرەکان کە زیاتر لە ٢ میلیۆن کەس تووشبوو بە ماددە سڕکەرەکان لە کۆمەڵگای ئێراندا هەیە، پێشکەش کرد و دواتر باسی له نەخۆشییە دەروونییەکان کرد، کە خەمۆکی لە تەمەنی ١٥ ساڵ تاکوو ٦٤ ساڵی خەڵکی ئێرانی گرتۆتەوە.

تەیمووری باسی لەوەش کرد، سەرەڕای ئەم کێشانە، کێشەی خۆکۆژی کە زۆر بەرەو هەڵکشانە و بەپێی ڕۆژنامەی (جهان صنعت) ٦٦ لە سەدی ژنان و ٧١ لەسەدی پیاوان لە کۆمەڵگای ئێراندا خۆیان دەکۆژن و ئێران یەکەم وڵاتە لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاست لە بواری خۆکۆژیدا.

هۆکارەکانی خۆکوژی بۆ نەبوونی ئازادی، قەیرانی دارایی، سەرکوت و زوڵمی زۆر، نەبوونی دەوا و دەرمان، گرانیی خەرجی قوتابخانە و پێڕانەگەیشتنی بنەماڵەکان بە خەرجی مانگانەی بنەماڵە، نەبوونی دەرەتان بۆ ژیانێکی ئاسان و بێ کێشە سەرکوتی کەمینە مەزهەبییەکان، زوڵمی لەڕادەبەدەر بۆ سەر نەتەوە غەیرە فارسەکانی وەک کورد، عەرەب و بەلووچ و هەتا دوایی دەگەڕێتەوە.

تەیمووری باسی خۆپێشاندانەکانی شاری ئەهوازی کرد، کە ڕێژیم بە شێوەیەکی بێڕەحمانە خەڵک وەبەر دەسڕێژی گوللـە دەدەن و هاوکات باسی خۆپێشاندانی وەرزێرانی شاری ئیسفەهانی کرد، کە ڕێژیم ئاوەکانیان لێی بڕیون و بە دڵخوازی خۆی بۆ جێگای دیکەی دەیبات.

نوێنەری پێوەندییەکانی حیزب باسی له دەستێوەردانەکانی ڕێژیم لە وڵاتانی عێراق، هەرێمی کوردستان، سووریە، لوبنان و یەمەن کرد، کە ڕێژیم داهاتی خەڵکی ئێران دەنێرێ بۆ ئەو گرووپە تێرۆریستانەی کە خەریکی نانەوەی ئاژاوەن لە ناوچەکەدا. هەر بۆیە ڕێژیم دەیەوێ کێشە نێوخۆییەکانی خۆی بخاتە وڵاتانی دراوسێ و بە پڕۆپاگەندە کردن بۆ ئەوەی کە ئەوان داکۆکی لە جێگا پیرۆزەکانی ئەو وڵاتانە دەکەن، خەڵکی ئێران فریو بدەن.

تەیمووری لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوە کرد، هەرچەند ڕێژیمی ئاخوندی فشارێکی زۆری لە لایەن خەڵکی وەزاڵەهاتووی خۆی لەسەرە، چێتر ئەو دەسەڵاتە زاڵمەیان قەبووڵ نییە. لێدانی فڕۆکەکانی ئیسرائیل لە فڕۆکەخانەی تیفووری سووریە کە کۆمەڵێک کەسی تێدا کوژراوە، ٧ کەس لەوانە پاسدارەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران بوون، ئەمەش لە خۆیدا سیگناڵێکە بۆ ڕێژیمی ئاخوندی کە ئامریکا و وڵاتانی خۆرئاوا چیدی قەبووڵ ناکەن ئێران بەو جۆرە بەربڵاو دەستدرێژی بۆ سەر وڵاتانی دەوروبەر بکا.
لە کۆتاییدا فرێدریک ماڵم سپاسی نوێنەری حیزبی کرد بۆ زانیارییەکانی و دواتر کۆمەڵێک پرسیاری لەسەر شاری کەرکووک، هەلومەرجی باشووری کوردستان و هەڵبژاردنەکان، داگیرکردنی شاری عەفرین، پێشمەرگە و حەشدی شەعبی و داعشی کرد.

نوێنەری حیزب لەو پێوەندییەدا، بە وردی هەلومەرجی باشووری کوردستان حەشد و داعشی بۆ ناوبراو شی کردەوە.

پاشان مالم باسی کێشەی ئامریکا و تورکیەی هێنایە بەرباس و وتی ئەگەر ئەو کێشەیە لە نێوان تورکیە و ئامریکادا قووڵ بێتەوە لەم نێوەدا ڕووسیە قازانج دەکات و ڕەنگە کاریگەریی بۆ سەر کێشەی کورد هەبێ. بەڵام جارێ نازانین کێشەکان بەرەو کوێوە دەچن.

ناوبراو هیوای خواست کە کورد نەبێتە یاریی وڵاتانی زلهێز و کێشەکان بە ئاسانی و بە دیالۆگ چارەسەر بکرێن. ناوبراو باسی لەوەش کرد ئەوان وەک لیبراڵ هەردەم لەسەر کێشەی کورد سوورن بۆ چارەسەری بنەڕەتی و کاری خۆیان دەکەن.

لە کۆتایشدا ناوبراو سپاسی نوێنەری حیزبی کرد و وتی هیوادارین لە داهاتوودا ئەم جۆرە دیدارانە بەردەوام بێ و ئاڵوگۆڕی بیروبۆچوون بکەین