کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێنەری کۆمیتەی ڕۆژهەڵاتی کانادا لەگەڵ ڕابرت نیکلسان پەرلەمانتاری کانادا کۆ بووەوە

18:29 - 30 گەلاوێژ 2717

کوردستان میدیا: ستار پاڵانی بە نوێنەرایەتی کۆمیتەی ڕۆژهەڵاتی کانادا لەگەڵ پارلەمانتار ڕابرت نیکلسان لە پارڵەمانی فیدڕاڵی کانادا کۆ بووەوە.

ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٢٦ی گەلاوێژی ١٣٩٦ی هەتاوی ستار پاڵانی بە نوێنەرایەتی کۆمیتەی ڕۆژهەڵاتی کانادا، سەردانی ڕابرت نیکلسان پارلەمانتار لە پارلەمانی فیدڕاڵی کانادای کرد.

تەوەری باسەکانی ئەو سەردانە، بریتی بوون لە: مافی مرۆڤ کە لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە بەتەواوەتی پێشێل دەکرێ، ڕێکەوتنی وڵاتانی ١+٥ لەگەڵ ئێران لەسەر بەرنامەی ناوکیی، کە هۆکاری پشت گوێخستنی مافی مرۆڤ لە لایەن وڵاتانی ڕۆژئاواییە، کوشتن و لە سێدارەدانی زیندانییانی سیاسی بە گشتی و ڕۆڵەکانی گەلی کورد بە تایبەتی و دەستێوەردان لە وڵاتانی دەوروبەر و یارمەتیدانی گرووپە تێرۆریستەکان لە عێراق، سووریە، لوبنان و یەمەن، تۆپباران کردنی مووچە و مەزرای خەڵکی باشووری کوردستان و هەروەها یارمەتیدانی داعش لە باری ماددی و مەعنەوییەوە.

داوا لە بەڕێزیان کرا، کە لە ڕێگای حیزبەکەیەوە داوا لە حکوومەتی کانادا بکرێت کە پێش بە دەستدرێژی و دەستێوەردانی کۆماری ئیسلامیی لە ناوچەکە بگرێت.

بەڕێزیان وێڕای بەخێرهاتن، خۆشحاڵی خۆی لەو چاو پێکەوتنە دەربڕی و وتی: من سەردانی کوردستانم کردووە، خەڵکی کوردستان خەڵکێکی ئازا و دلێرن، داوای بەردەوامی پەیوەندیی دوو لایەنەی کرد و گوتی: هەرکات کەسانێک لە ئەندامانی ڕێبەریتان سەردانی کانادایان کرد، خۆشحال دەبم چاوم پێیان بکەوێ و هەوڵیش دەدەم لە پارلەمانی کانادا چاو پێکەوتنیان بۆ پێک بێنم.

پۆستەکانی ناوبراو، ئەندام پارلەمان، سەرۆکی پارلەمان، وەزیری دەرەوە، وەزیری بەرگریی، وەزیری داد و وەزیری ئەنستوشێن بووە.