کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نیۆیۆرک تایمز: لە ئێراندا سەرکوت دوای ڕێککەوتنی ناوکی زیادی کردووە

21:52 - 16 خەزەڵوەر 2715

کوردستان میدیا: نیۆیۆرک تایمز لە ڕاپۆرتێکی خۆیدا ڕایگەیاندووە کە دوای ڕیککەوتنی ناوکی لەئێراندا، سەرکوتەکان لە لایەن ڕێژیمەوە زیادی کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتێک کە نیۆیۆرک تایمز ڕۆژی هەینی ١٥ی خەزەڵوەر بڵاوی کردووەتەوە دوای ڕێکەوتنی ناوکی لەگەڵ ئێران، سەرکوتەکان لەو وڵاتەدا زیاد بووە و بەنیسبەت ئەو مەسەلەوە هوشداریی داوە.

لە درێژەی ئەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە ، دوابەدوای واژۆکردنی برجام، لە ئێراندا دژکردەوە دژە ئامریکاییەکان و هەنگاوە سەرکوتکارانەکان لە لایەن سوپای پاسدارانەوە ڕووی لە زیادبوون ناوە.

لەو ڕاپۆرتەدا ئاماژە بە دەستبەسەر کردن و هەروەها دادگاییە سەدە نێوەڕاستییەکان کراوە و هاتووە کە ئەم هەوڵانە دەریدەخات کە ئەگەری ئەوە هەیە دۆخەکە لەمە خراپتر بێت.

لە کاتی سەفەری حەسەن ڕووحانی سەرۆک کۆماری ڕێژیمی ئێران بۆ نیۆیۆرک، کەمپەینی نێونەتەوەیی مافەکانی مرۆڤ لەئێراندا، لە ڕاگەیەندراوێکدا داوای لە سەرجەم بەرپرسانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، نوێنەری وڵاتان، پێشڕەوانی کۆمەڵگای مەدەنی و ئەو ڕۆژنامەنووسانەی کە لەگەڵ ڕووحانی و شاندی هاوڕێی لە نیۆیۆرکدا چاوپێکەوتن ئەنجام دەدەن کردبوو هەتا لەو دەرفەتە کەڵک وەربگرن و داوا لە ڕووحانی و شاندەکەی هاوڕێی بکەن کە کۆتایی بە دۆخی سەرکوت لەئێراندا بهێنن.

دوای هاتنە سەرکاری ڕووحانی، دۆخی مافی مرۆڤ لەئێراندا خراپتر بووە و ڕووحانی بە کەڵک وەرگرتن لە ڕێکخراوە سەرکوتکەرە ئەمنیەتی و ئیتلاعاتییەکانی سوپای پاسداران و دەزگای دادوەریی ڕێژیم، گوشار و سەرکوتی زیاتر کردووە.