کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نێتانیاهوو: ئەردۆغان کوردەکان دەکوژێت

13:32 - 3 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: "ڕەجەب تەیب ئەردۆغان"، سەرکۆماری تورکیە، لە دوای لێدوان بە دژی ئیسرائیل، وڵامێکی توندی لە نێتانیاهوو وەرگرتەوە.

 دوای ئەوەی کە "ئەردۆغان" سەرکۆماری تورکیه، ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٢ی گەلاوێژی ١٣٩٧ی هەتاوی، لە وتارێکیدا بۆ پارلەمانتارانی سەر بە پارتەکەی (ئاک پارتی) وتی: کە یاسای بەنەتەوەییکردنی دەوڵەتی ئیسرائیل بەبێ هیچ گومانێک دەیسەلمێنێت، کە ئەو دەوڵەتە هەرەسەهیۆنیزم و ڕەگەزپەرسترین وڵاتە لە جیهان، نێتانیاهووش لە بەرانبەردا وڵامێکی توندی بە ناوبراو دایەوە.

ئەردۆغان لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لەوە کردبوو، کە هیچ جیاوازیـیەک لە نێوان خواستی هیتلێر و حکوومەتی ئیسرائیلدا نییه و داوای لە هەر دوو جیهانی ئیسلامی و مەسێحییەکان کرد، لە دژی ئیسرائیل هەنگاو هەڵگرن.

 دوای ئەو قسانەی سەرکۆماری تورکیە "بنیامین نێتانیاهوو" سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە پەیامێکی تویتێریدا، وڵامی ئەردۆغانی دایەوە و نووسیی: "ئەردۆغان سووریییەکان و کوردەکان دەکوژێت و دەیان هەزار هاووڵاتیی خۆشی خستووەتە زیندانەوە، ناوبراو بە لاتاو وتوویەتی: لە ڕاستیدا هێرشکردنە سەر یاسای دەوڵەتی نەتەوەیی، لە لایەن ''دێموکراتی مەزن"، "ئەردۆغان"، گەورەترین بەرزنرخاندنی ئەم یاسایەیە."

نێتانیاهوو لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا باسی لەوە کردووە، "تورکیه بە هۆی حوکمڕانیی ئەردۆغانەوە بووەتە تاریکستانێکی دیکتاتۆرییەوە، هاوکات ئیسرائیل زۆر بەباشی پێبەندە بە یەکسانیی مافەکان بۆ هەموو هاووڵاتییانی، پێش و پاش جێبەجێکردنی ئەم یاسایە."

پارلەمانی ئیسرائیل هەفتەی ڕابردوو یاسایەکی پەسەند کرد، کە تێیدا تەنیا مافی چارەی خۆنووسین بە گەلی یەهوودی لە ئیسرائیل دەدات و لەگەڵ ئەوەشدا تەنیا زمانی عیبری زمانی فەرمیی وڵات دەبێت.