کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نەتەوە غەیرەفارسەکان لە پلەکانی یەکەمی ڕیزبەندیی نەخوێندەواریدان

13:25 - 9 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: پارێزگاکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات، لە باری ڕێژەی نەخوێندەواریی، لە پلەی دووەهەمدان.

بەپێی ئامارێکی بڵاوکراو لە لایەن ناوەندی ئاماری ڕێژیمی ئێرانەوە، دانیشتووانی ناوچە غەیرەفارسەکان ئاماری نەخوێندەواریان لە ناوچە فارسنشینەکاندا بەرزترە.

کە ڕێژەی نەخوێندەواریی لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان بە ٢٤ لەسەد، پارێزگای سنە بە ١٨.٥ لەسەد و پارێزگای ورمێ بە  ١٨ لەسەد، پارێزگای ئیلام ١٥.١ لەسەد، پارێزگای کرماشان بە ١٥.٥ لەسەد و پارێزگای لوڕستان بە %١٧خەمڵێندراون. لە کاتێکدا پارێزگا فارسنشینەکانی وەک تاران ڕێژەی نەخوێندەواریان ٧.١ لەسەدە، پارێزگای ئەلبۆرز و سمنانیش بە جیاوازییەکی کەمەوە لە پاش پارێزگای تارانن.

کەمتەرخەمییەکانی ڕێژیم، لە بواری دابینکردنی شوێنی خوێندنی گونجاو و کەلوپەل و پێداویستییەکانی خوێندن لە پارێزگاکانی کوردستان و بەلووچستان لە هۆکارە بەرچاوەکانی خواربوونی ئاستی خوێندەوارییە

لەم پێوەندییەدا، پێشتر "محەممەدڕەزا حەیدەری"، بەڕێوەبەری گشتیی نۆژەنکردنەوە و گەشەی قوتابخانەکانی پارێزگای ئیلام، لە وتووێژیکدا لەگەڵ هەواڵدەرییەکانی ڕێژیم، باسی لەوە کردبوو، کە پارێزگای ئیلام پێویستی بە ٥٦٧ کلاسی وانەوتنەوەی نوێ هەیە و نەبوونی کلاسەکانی وانەوتنەوە زۆرتر قوناغی سەرەتاییی خوێندن لە خۆ دەگرن.

هەروەها "مێهروڵڵا ڕەخشانی مێهر"، سەرۆکی ڕێکخراوی نۆژەنکردنەوە، گەشەپێدان و تەیارکردنی قوتابخانەکانی ڕێژیمی ئێران، لە پرێسکۆنفڕانسێکدا باسی لەوە کردبوو، ٢٧ لەسەدی قوتابخانەکانی ئێران لە بواری بیناسازییەوە وەک داڕماو ئەژمار دەکرێن و ٣٤ لەسەدیان پێویستیان بە نۆژەنکردنەوە هەیە.

لە لایەکی دیکەوە خراپی باری ئابووریی ئەم ناوچانە، هۆکارێکی دیکەی نەخوێندارییە، کە قوتابیان و خوێندکاران لە تەمەنێکی کەمەوە زۆرجار بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانی بنەماڵەکانیان ناچار دەبن واز لە خوێندن بهێنن و ڕوو لە بازاڕی کار بکەن.