کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نەوت قازانجی بۆ ڕێژیمی ئێران نابێت

13:03 - 20 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: گەمارۆوە ئابوورییەکانی سەر ڕێژیمی ئێران، دەبێتە هۆی ئەوەی که ڕێژیمی ئێران، لە هەناردەکردنی نەوت هیچ سوودێک نەبینێت.

هەواڵدەرییەکانی ڕێژیمی ئێران بڵاویان کردووەتەوە، ئەو کۆمپانیانەی کە نەوت دەگوازنەوە، بە هۆی ترس لە سزا و گەمارۆوە ئابوورییەکانی ئامریکا، بۆ ڕاگواستنی نەوت داوایان لە وڵاتانی ئورووپایی کردووە، دەبێ دوو قات زیاتر تێچووی هاتووچۆیان بۆ دابین بکەن.

ئەو کۆمپانیانە داوایان کردووە، بۆ هەر تۆن نەوتی خاو کە ئێستا ٧ دۆلاره، دەبێت ١٥ دۆلار بدەن.

لەو بارەوە "محەممەد ناسری" وتەبێژی کۆمپانیای نەوتی ئێران لە وتووێژێکدا لەگەڵ "ڕۆژنامەی "شەرق" باسی لەوە کردووە، ئەگەرچی ئەو کێشەیە دووقاتکردنی تێچووی کرێی نەوت لێ دەکەوێتەوە، هەندێک لە کۆمپانیاکانیش، ئەو نەوتکێشانە بیمە ناکەن، کە نەوتی خاوی ئێران بار دەکەن.

بەپێی ئاماری بڵاڤۆکی "پلاتێس" نرخی بارکردنی کەشتییەکانی "سوئێز ماکس"،  کە ١٤٠ هەزار تۆن هەتا یەک میلیۆن بەرمیل نەوت بۆ ئورووپا هەڵدەگرن، ٦ دۆلار بۆ یەک تۆن بووە، بەڵام هەر ئەو کەشتیانە ئێستە داوای ١٥ دۆلار دەکەن.

بەشی زۆری نەوتی خاوی ئێران، لە ڕێگای کۆمپانیاکانی یونان و تورکیەوە ڕەوانەی بازاڕەکانی جیهان دەکرێت.

هەناردەکردنی نەوتی ئێران بە هۆی گەمارۆوە ئابوورییەکان بۆ ڕێژەیەکی زۆر دابەزیوە و سەرەڕای ئەوەش زۆربەی ئەو کۆمپانیانە بیمەیان نییە یان لە ترسی سزاکانی ئامریکا نەوتی خاوی ئێران بار ناکەن.

لە دوای کشانەوەی ئامریکا لە بەرجام، ئەو وڵاتە بە مەبەستی گوشار خستنەسەر ڕێژیمی ئێران، داوای لە وڵاتانی کڕیاری نەوتی ئێران کردووە، کە نەوت لەو ڕێژیمە نەکڕن و بڕیارە مانگی خەزڵوەری ئەمساڵیش ڕێژەی هەناردەکردنی نەوتی ئێران بە سفر بگات.