کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نەورۆزی خاکی پۆشان لە یونان بەڕێوە چوو

18:59 - 2 خاکەلێوه 2718

کوردستان میدیا: بە دەسپێشخەری ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ڕێوڕەسمێکی تایبەت بە نەورۆزی خاکی پۆشان لە وڵاتی یونان بەڕێوە چوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی سێشەممە کاتژمێر ٤ی ئێوارە لە بورجی سپی شاری سالۆنیکی یونان رێورەسمی نەورۆز و ساڵی نوێی کوردی بەناوی نەورۆزی خاکی پۆشان، بەبەشداری کوردانی چوار پارچەی کوردستان نیشتەجێی وڵاتی یونان بەڕێوە چوو.

ڕێوڕەسمەکە بە سرودی نەتەوایەتی ئەی رەقیب دەستی پێ کرد، پاشان ساتێک بێ دەنگی بۆ رۆحی پاکی شەهیدان ڕاگەیەندرا.

دواتر پەیامی پیرۆزبایی بەڕێوەبەرانی ڕێوڕەسمەکە خوێندرایەوە؛ لە بڕگەیەکی دیکەدا پەیامی ئەندامانی حیزبی دێموکرات بەم بۆنەوە پێشکەش بە بەشداربووان کرا.

لە بڕگەیەکی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا پەیامی کوردانی رۆژئاوا، نیشتەجێی یونان و بابەتێک لە پێوەندی لەگەڵ نەورۆز و بەتایبەت نەورۆزی خاکی‌پۆشان خوێندرایەوە.

دوابڕگەی ئەم ڕێوڕەسمەش بریتی بوو لە هەڵپەڕکێ و شایی بەشداربووان.