کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاوسەری شەهیدێکی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان کۆچی دوایی کرد

11:51 - 7 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: دایە "غەزاڵ کەرامەت"، هاوسەری شەهیدێکی سوورخەڵاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە شاری ورمێ، ماڵاوایی لە ژیان کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٦ی گەلاوێژی ١٣٩٧ی هەتاوی، دایە "غەزاڵ کەرامەت" هاوژینی شەهید "مووسا عومەرپوور"، لە ناوچەی برادۆست سەر بە شاری ورمێ، کۆچی دوایی کرد.

دایە غەزاڵ دوای بەربەرەکانێیەکی زۆر لەگەڵ نەخۆشی، لە نەخۆشخانەی "ئیمام" لە شاری ورمێ کۆچی دوایی کرد و تەرمی ناوبراو لە زێدی خۆی  لە گوندی "گۆلەگەنیـ"ـی، سەر بە ناوچە برادۆست بە خاکی نیشتیمان ئەسپێردرا.

دایە غەزاڵ، ژنێکی نیشتمانپەروەر و خۆشەویستی خەڵكی ناوچەکە بوو و هەمیشە شانازیی بە ڕێبازی هاوسەری خۆی دەکرد.

شەهید "مووسا عومەرپوور" دوای شۆڕشی گەلانی ئێران، یەکەمین شەهیدی شیمالی کوردستانه. ناوبراو لە شەری سێ مانگەدا لە ڕێکەوتی ٢ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی، لە شوێنێک بە نێوی "گەدووکا حەسارێ" و لە ئەنجامی تێکەڵچوونێک لەگەڵ هێزەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، تێکەڵ بە کاروانی شەهیدان بوو.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.