کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هیجری: هیچ وڵاتێک بۆی نیە لەبەرانبەر ئیرادەی گەلانی ئێران بۆ گۆڕانی رێژیمی ئیسلامی راوەستێت

00:25 - 27 جۆزەردان 2715

کوردستان میدیا: مستەفا هیجری، سکرتێری گشتیی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە درێژەی چاوپێکەوتنەکانی خۆی لەگەڵ ئەندام کۆنگرە و سێناتۆرە ئامریکاییەکان، لەگەڵ کۆنگرێسمەن رەندی وێبێر دانیشتنێکی پێک هێنا.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی دووشەممە ٢٥ی جۆزەردانی ساڵی ١٣٩٤ی هەتاوی، مستەفا هیجری سکرتێری گشتیی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لەلایەن ئەندام کۆنگرە رەندی وێبێر پێشوازی لێ کرا.

لە سەرەتای ئەم دانیشتنەدا، مستەفا هیجری باسێکی کورتی لە‌بارەی مێژووی خەباتی حیزبی دێموکرات و گەلی کورد لە کوردستانی ئێران پێشکەش کرد.

سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە دانیشتن لەگەڵ رەندی وێبێر ئاماژەی بەوەدا: گەلی کورد و حیزبی دیموکرات لە مێژووی خۆیاندا قوربانیی زۆریان لە رێگای رزگاری کوردستان و گەییشتن بە مافەکانیان داوە.

هیجری هەروەها رایگەیاند کە گەلی کورد ئەگەرچی ئێستا لە ئاکامی سەرکوت‌کران دا دەنگی کپ کراوە بەڵام ئەمە بەو مانایە نیە کە تەسلیم بووە، بەڵکوو لە هەر کاتێک لە هەر هەلێک بۆ ئەوەی دەنگی نارەزایەتی خۆی بەرز بکاتەوە، کەڵک وەردەگرێت.

سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات لە درێژەی قسەکانی‌دا لە دانیشتن لەگەڵ وێبێر، گەورەترین کێشەی ئەمڕۆی رۆژئاوای بۆ هەڵسوکەوت لەگەڵ رێژیمی ئێران، تێنەگەیشتن لەو رێژیمە وەسف کرد و وتی: ئەوەی کە سێ دەیەیە ئێوە بە هیوان ئێران هەڵسوکەوتی بگۆڕێت و ئەو هەر نایگۆڕێت پیشاندەری ئەوەیە کە تێگەیشتنی دنیای رۆژئاوا لە ئێران تێگەیشتنێکی هەڵەیە.

هیجری لەبارەی گۆڕینی هەڵسوکەوتی رێژیمی ئێران، پێی لەسەر ئەوە داگرت کە گۆڕینی هەڵسوکەوت لە دژایەتی لەگەڵ بنەماکانی رێژیمی ئیسلامییە و بەهیچ شێوەیەک روو نادات.

مستەفا هیجری لە درێژەدا پێداگری کردووە کە نەتەوەکانی ئێران خوازیاری گۆڕانی ئەو رێژیمی ئیسلامین و نە ئەمریکا و نە هیچ وڵاتێکی نیە بۆی نیە لە بەرامبەر ئەو ئیرادەیە راوەستێت.

سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات هەروەها وتی: بەهۆی ئەوەی که پێکهێنانی ئێرانێکی دیموکراتیک و فیدێراڵ لە بەرژەوەندیی هەموو لایەکە، گۆڕانی رژێمی ئیسلامی و گەیشتن بە دیموکراسی پێویستی بە یارمەتیی کۆمەڵگای جیهانی هەیە.

هیجری لە درێژەی قسەکانیدا وتی کە ئێران خەریکە دەستێوەردانی خۆی لە ناوچەکە زیاد دەکات و ئەمەش بۆ سەر حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و هەروەها وڵاتانی رۆژائاوا و هاوپەیمانیان لە ناوچەکە مەترسیەکی گەورەیە.

مستەفا هیجری هەروەها لە دێژەی باسەکانیدا وتی: رێژیمی ئیسلامی ١٥ ساڵە بۆ مانەوە و گارانتیی بوونی خۆی و زاڵ‌بوون بەسەر دنیای ئیسلامدا لە هەوڵی دروست‌کردنی چەکی ناوەکییە.

هیجری لە درێژەدا پێی لەسەر ئەوە داگرت کە رۆژئاوا پێی وایە بە دانانی هەندێک بەربەست و سنوور بۆ سەر رێژیمی ئێران دەتوانێت ئەو رێژیمە لە چەکی ناوەکی دوور بخەنەوە، بەڵام راستییەکەی ئەوەیە کە ئەو رێژیمە نیشانی داوە چەندین جار ئەو بەربەستانەی لە دووتۆی کۆمەڵێک رێکەوتننامەدا پەسند کردووە، کەچی لە یەکەمین کات‌دا کە توانیویەتی بەو رێکەوتنانە پێبەند نەماوە هیچ یەک لە بەڵێنییەکانی لەبەر چاو نەگرتووە.

لەو دانیشتنەدا، رەندی وێبێر ئەندام کۆنگرەی ئامریکا وێڕای بەخێرهاتنی مستەفا هیجری، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات باسی لەوە کرد کە لەگەڵ بەشێکی زۆر لە وتە و لێکدانەوەکانی هیجری هاوڕایە.

وێبێر هەروەها رایگەیاند کە چۆنیەتی هەڵسوکەوت لەگەڵ ئێران یەکێک لە جیددی‌ترین نیگەرانیەکانی ئامریکا هەژمار دەکرێت.

لە کۆتایی ئەم دانیشتنەدا، وێبێر پێداگری کرد کە پێویستە بە گەلانی ئێران یارمەتی بدرێت کە بتوانن بۆ داهاتووی خۆیان تێبکۆشن.