کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێرشی نیزامی دژی ڕێژیمی ئێران بەهێزتر دەبێت

12:40 - 20 پووشپەڕ 2718

کوردستان میدیا: دیپلۆماتێکی پایەبەرزی بریتانیایی ڕایگەیاندووە، لە سەفەری سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا بۆ ڕیاز، سیاسەتی گۆڕینی ڕێژیمی ئێران ئامادەکاری بۆ کراوه و باس لە هێرشی نیزامیش بۆ سەر ئەو ڕێژیمە هاتووەتە گۆڕێ.

"ئەیان مەککردی"، یەکێک لە دیپلۆماتە پایەبەرزەکانی بریتانیا لە وتارێکدا باسی لەوە کردووە: "دانڵد ترامپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، هەموو هێزی خۆ وەگەڕ خستووە، هەتا لەگەڵ ئێران شەڕی نیزامی بکات و بۆ ئەو کارەش هەوڵ دەدات ڕێژیمی تاران بخاتە نێو تەڵەیەکەوە. ڕووداوەکان شایەتیی ئەوە دەدەن کە دوای کشانەوەی ئامریکا لە بەرجام، ئەو دەوڵەتە گەمارۆوە ئابوورییەکانی سەرلەنوێ دژی ئەو ڕێژیمە پەسەند کردووەتەوە و هۆشداریشی داوە، کە نابێ هیچ وڵاتێک نەوت لە ڕێژیمی ئێران بکڕێت. لە لایەکی دیکەشەوە ئامریکا یارمەتیی نیزامیی ئیسرائیل و سعوودیه دەدات، هەتا دژی ڕێژیمی ئێران لە یەمەن و سووریه شەڕ بکەن".

"مەککردی" لە بەشێکی دیکەی ئەو وتارەدا ئاماژەی بە هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئێران کردووە، کە بەرپرسانی ئەو ڕێژیمە دەیانەوێ گەرووی هۆرموز دابخەن. چونکە ئەگەر ڕێژیمی ئێران هێرش بکاتە سەر کشتییەکانی وڵاتانی بیانی، ئامریکا بەو کارەی ڕێژیم شاد دەبێت و بیانووش بۆ شەڕی نیزامی دژی ئەو ڕێژیمە دەکەوێتە دەستی. هەروەها ئەگەر گەرووی هۆرموز دابخرێت ئامریکا ئەو کات ئیدعای ئەوە دەکات، کە ڕێژیمی ئێران دەیەوێ پێش به دابینکردنی ٣٠ لەسەدی نەوتی جیهان بگرێت و ئەوەش بیانوویەکی دیکەیە بۆ هێرش بۆ سەر ڕێژیمی ئێران".

ئەو دیپلۆماتە پایەبەرزەی بریتانیا باسی لەوەش کردووە، "وا دیارە پلانی هێرشێکی نیزامی بۆ سەر ڕێژیمی ئێران لە پێشدا ئامادە کراوە، ئامریکا و ئیسرائیل گرووپێکی هاوبەشیان دژی ئەو ڕێژیمە پێک هێناوە. هاوکات ئەرتەشی ئیسرائیلیش "نیتسان ئاڵۆنـ"ـی وەک یەکەمین بەڕێوەبەری پڕۆژەی تایبەتی ئەرتەشی ئیسرائیل بۆ هاوئاهەنگیی بابەتە پێوەندیدارەکان بۆ شەڕ لەگەڵ ڕێژیمی ئێران دیاری کردووە".

سیاسەتی گۆڕینی ڕێژیمی ئێران، بەشێک لە ستراتیژیی گەورەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستە، کە ئامریکا و هاوپەیمانانی لە ناوچەکەدا گرتوویانەتە بەر.