کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر بنکەکانی ڕێژیمی ئێران لە سووریە بەردەوامە

11:45 - 25 پووشپەڕ 2718

کوردستان میدیا: ئیسرائیل بنکەیەکی دیکەی ڕێژیمی ئێرانی لە پارێزگای حەلەبی سووریە بۆردمان کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەرییەکانی ڕێژیمی سووریە، سەرلەبەیانی دووشەممە ڕێکەوتی ١٦ ژوئیەی ٢٠١٨ی زایینی، ئیسرائیل بنکەیەکی ئاسمانیی لە باکووری فڕۆکەخانەی ئەلنەریب لە پارێزگای حەلەبی بۆردمان کردووە.

بەپێی هەواڵە بڵاو کراوەکان، ئەو هێرشەی ئیسرائیل هێرشێکی مووشەکی بووە و لە ئەنجامی ئەو هێرشە ئەو فڕۆکەخانەیە خەسارێکی زۆری دیوە.

جێگەی ئاماژەیە، کە ئەرتەشی ئیسرائیل، هەفتەی ڕابردوویش، سێ بنکەی نیزامی دیکەشی بۆردمان کردووە و بەپێی ڕاپۆرتەکانی ئەرتەشی ئیسرائیل، لە مانگەکانی ڕابردوو دەیان بنکەی ڕێژیمی ئێران بۆردمان کراوە.

ئیسرائیل نزیک بوونەوەی هێزەکانی ڕێژیمی ئیران لە سنوورەکانی خۆی بە مەترسی دەزانێت و لە لایەکی دیکەشەوە ڕێژیمی ئێران لە سووریە هەوڵ دەدات بە دامەزراندنی بنکەی نیزامی، هێزەکانی لە ئیسرائیل نزیک بکاتەوە و بە ئاسانی پاڵپشتی گرووپە تێرۆریستییەکان بکات، هەر بۆیەش ئەرتەشی ئیسرائیل بە بەردەوامی بنکەکانی ڕێژیمی ئێران بۆردمان دەکات.