کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێزە نیزامییەکانی ڕێژیمی ئێران دوو کۆڵبەری کوردیان کوشت

00:50 - 14 خەرمانان 2717

کوردستان میدیا: لە درێژەی تەقەی هێزە نیزامییەکانی ڕێژیمی داگیرکەری ئێران لە کۆڵبەرانی کورد دوو کۆڵبەری خەلکی شاری بانە لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆ کوژران.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، سەر لە بەیانی ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ١٣ی خەرمانانی ١٣٩٦ی هەتاوی، دوو کۆڵبەری کورد خەڵکی شاری بانە بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی ڕێژیمی ئێران کوژران.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە شاری بانه شوناسی ئەو دوو کۆڵبەرە کوردەی حەیدەر فەرەجیتەمەن ٢١ ساڵ خەڵکی گوندیشەشە و مام قادر بەهرامی تەمەن ٤٥ ساڵ خەڵکی گوندیوزمەڵە ڕاگەیاند.

مام قادر بەهرامی خێزاندار و خاوەنی چوار مندالە.

ئەو دوو کۆڵبەرە کوردە لە نزیک گوندیهەنگەژاڵە لە سنووری بانە کەوتوونەتە بەر دەستڕێژی گوللەی هێزەکانی حکوومەتی.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا هەروەها ڕاگەیاند:بنەماڵەی ئەو دوو کۆڵبەرە کوژراوە فەرمانداری شاری بانە بە هۆکاری سەرەکیی ئەو ڕووداوە دەزانن و دەڵێن تەقە کردن لە کۆڵبەران لە سەر بڕیاری فەرمانداری بانەمحەممەد فەلاحی بووە.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا لە درێژەدا ڕایگەیاند: گیان لە دەستدانی ئەو دوو کۆڵبەرە کوردە ناڕەزایەتی هاووڵاتییانی شاری بانەی لێکەوتەوە و بنەماڵەکانی ئەو دوو کۆڵبەرە بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین لەو ڕووداوە لە بەر دەرگای فەرمانداری کۆبوونەتەوە.

بنەماڵەی ئەو دوو کۆڵبەرە کوژراوە داوای سزادانی بکەرانی ئەو ڕووداوە دەکەن.

کوشتنی بەربڵاوی کۆڵبەران لە حاڵێکدایە کە پێشتر جێگری سیاسی، ئەمنیەتی و کۆمەڵایەتی پارێزگای سنە ڕایگەیاندبوو: بە ڕاشکاوانەوە دەتوانم بڵێم لە کاتی هاتنە سەر کاری دەوڵەتی تەدبیر و ئومید هەتا ئێستا تەنانەت یەک کۆڵبەریش لە سنوورەکانی کوردستان نەکوژراوە یان بریندار نەبووە.

لەو پێوەندییەدا چالاکانی مەدەنیی شاری بانە بۆ مەحکووم کردنی ئەو کردەوە نامرۆڤانەی هێزەکانی ڕێژیمی ئێران داوایان لە خەڵکی شاری بانە کردووە دووکان و بازاڕ دابخەن.