کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

‌هێزەکانی ڕێژیم دەستیان داوەتە دزین و تاڵانکردنی سامان و ماڵی خەڵک

12:58 - 15 پووشپەڕ 2718

کوردستان میدیا: هێزەکانی داگیرکەری کوردستان لە شار و ناوچەکانی شنۆ دەستیان کردووە، بە تاڵان و دزیکردن لە مووچە و مەزرای خەڵک و هەرچیکیان دەست بکەوێت، تاڵانی دەکەن.

  تاڵانکردن و خاپوورکردن و دزینی ماڵ و سامانی خەڵک یەکێک لە پیشە هەمیشەیییەکانی هێزی داگیرکەرە، مەبەستی سەرەکیی لە داگیرکردنی خاکی کوردستان، تاڵانی ماڵ و سامانی نەتەوەی کوردە.

ئێوارەی چوارشەممە ڕێکەوتی ۱۳ی پووشپەڕ، پاسدار و جاش و بەکرێگیراوانی ڕێژیم ماتۆڕێکی ئاوی باغ و مەزرای خەڵکی گوندی سەوجەی شنۆیان دزیوە، ئەو هێزانە کە بۆ پێشگیری لە خەباتی خەڵک و پێشمەرگە لە کوردستان مۆڵ دراون و بەناو خۆیان بە پارێزەری خەڵک دەزانن، بەڵام بە کارە قێزەونەکانیان ڕووی ڕاستەقینەی خۆیان بۆ خەڵک و ڕای گشتی کوردستان و ناوچە و تەنانەت جیهانیش دەر دەخەن.

هەرهەمان ڕۆژ هێزەکانی ڕێژیم لە گوندی خانلەری شنۆ بەزۆر نان و خواردنیان لە خەڵک سەندووە. ئەو دیاردەیە لە لایەک پێشاندەری سروشتی دزێوی داگیرکەرانەی هێزەکانی ڕێژیمە و لە لایەکی دیکەوە ئەو ڕاستییە حاشاهەڵنەگرە دەخاتە پێش چاوی ڕای گشتی، کە گەمارۆوە ئابوورییەکانی ئامریکا و وڵاتە زلهێزە ئابوورییەکانی دیکە تا چ ئاستێک کاریگەرییان لەسەر ئابووری ڕێژیم داناوە.

  تەریکەوتنی ڕێژیم لە ڕووی سیاسییەوە و لەدەستچوونی متمانەی نێونەتەوەیی و نێودەوڵەتیی ڕێژیم، پێڕەوکردنی سیاسەتێکی ملهۆڕانە و تۆتالیتارانە لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا و دزینی سەروەت، سامان و نان و خواردنی خەڵک بە مەبەستی دابینکردن و لۆجستیکیی گرووپە تێرۆریستییەکانی دەرەوەی وڵات، بارودۆخێکی تایبەتی لە نێوخۆدا خولقاندووە، کە بەو ڕێژیمە چارەسەر ناکرێ. هەر بۆیە دەبینین جار لەگەڵ جار و ڕۆژ بەدوای ڕۆژ ڕێژیم لە لایەن وڵاتانی پێشکەوتوو و زلهێزەکانەوە دەکەوێتە ژێر گوشاری ئابووری و سیاسییەوە و لە نێوخۆشدا ڕادە و ڕاندمانی ناڕەزایەتیی خەڵک دەچێتە سەرەوە و هەر ئەم خەڵکەشە کە دوابڕیاڕی خۆی دەدات.