کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەرای ترسنۆکانە

14:06 - 16 خەزەڵوەر 2716

کەریم پەرویزی

جێگری فەرماندەی پاسدارنی تیرۆریستی ئێران، لە کۆبوونەوەیەک لەگەڵ فەرماندەکانی ئەو سوپایەدا لە ورمێ، هەڕەشەی لە دوژمنانی خۆیان کرد کە لە هەر شوێنێک بن وەدوایان دەکەون و لە نێویان دەبن، هەروەک لە پێشترتیشدا ئەو کارەیان کردووە.

ئەم قسە و هەڕەشانەی پاسدار سەلامی، لە ورمێ لە ڕێورسمێکدا بوو کە بە ناوی ڕێزگرتن لە کوژراوانی سپا و ئیتلاعات پێکهاتبوو و گوایە ئەو کوژراوانە هەزینەی سپایە کە لە ماوەی جیاوازدا و لە شەڕی سووریە و یان لە پاراستنی سنوورەکانی ئێران داویانە.

خۆی ئەم کۆبوونەوە و ڕێورەسمە لە پێش هەموو شتێکدا نیشاندەر و دەرخەری ژمارەی کوژراوانی سوپا و هێزە بەکرێگیراوەکانیانە کە لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا و لە دژایەتییان لەگەڵ ڕاسانی گەلی کورددا تێدا چوونە و ئەم ماوەیە ڕێژیم لەبەر باری دەروونیی هێزە سەرکوتکەرەکانی ژمارەی ڕاستەقینەی تەڵەفاتەکانیان دەشاردنەوە.

جیا لەم بەشەی ئەم کۆبوونەوەی ڕێژیم، دەمێنێتەوە سەر قسەکانی پاسدار سەلامی، کە لە دەروونی خۆیدا دەرخەری چەند ڕاستییەکە.
یەکەم لایەنی ئەو قسانە ئەوەیە کە هەرچەند بە هەڕەشە و بە ڕقەوە باری دەروونیی خۆی دەردەبڕێ و دەیەوێ سیمای حکومەت و هێزێکی خاوەن دەسەڵاتی بەهێز لە خۆیان و ڕێژیمەکەیان نیشان بدا، بەڵام لە ڕاستیدا نیشان لەوەیە کە ئەم ڕێژیمە تا چ ڕادەیەک لەرزۆکە و دەری دەخا کە لە کوێوە ئەم ڕێژیمە لێی دەدرێ و ڕێگای داهاتوومان بۆ دیاری دەکا کە دەکرێ لە چ خاڵێکەوە گوشار بۆ ڕێژیم بهێنرێ!

ساڵانێک بوو کە دەیانگوت هێزە کوردیەکان نەماون و تێدا چوون و ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی هێژموونیی بەسەر هەموو ناوچەکەدا هەیە، بەڵام بە بڕیاری ڕاسانی گەلی ڕۆژهەڵات کە هێشتا لە هەنگاوە سەرەتاییەکاندایە و ڕێگای زۆری لە پێشە و هەنگاوی زۆر گەورەتری لەبەردەمە، ڕێژیم ئاوا وەلەرزە کەوتوە و بەرپرسان و فەرماندەکانی سپای تیرۆریست و دەستوپێوەندییەکانیان زوو زوو دەست دەدەنە هەڕەشە و هاتوهاوار. ڕاسان هەموو هێژموونیە درۆینەکەی ڕێژیمی کردۆتە بڵقی سەر ئاو.

لە لایەکی دیکەوە ئەم هەڕەشە و هەرا ترسنۆکانەی پاسداران، سەلمێنەری ئەو ڕاستیەیە کە ڕێژیمی ئیسلامیی تاران هەر کات لە مەیدانی سیاسەت و بەربەرەکانێی ڕەوادا کەم دێنێ و تووشی شکست دەبێ، پەنا دەباتە بەر کردەوەی ناڕەوا و تیرۆریستی و بۆیە بە هەموو شێوەیەک هەڕەشەی وەدواکەوتنی دوژمنان لە هەموو شوێنی دونیا دەکەن و گورزی گرانیان، تیرۆری دژبەران لە دەرەوەی وڵاتە. هەروەک ساڵانی پێشوو کە فەلاحیان باسی لە وەدواکەوتنی دوژمنانی نیزام و زەربەلێدانیانی کرد و تیرۆری بێرلینی لێ کەوتەوە، ئەم جارەش پاسدار سەلامی، داماوی و ترس و زەندەق چوونیان بە هەڕەشەی تیرۆر دادەپۆشێ.