کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

١٩٥ هەزار نەخوێندەوار لە پارێزگای ورمێ هەیە

12:19 - 24 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: پارێزگای ورمێ لە  بواری ڕێژەی خوێندکاران لە  ئێراندا، پلەی ٢٩هەمین هەیە و ١٩٥ هەزار نەخوێندەوار لەم پارێزگایەدا هەیە.

ئیبراهیم محەممەدی بەڕێوبەری گشتیی پەروەردە و ڕاهێنانی پارێزگای ورمێ، لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ یەکێک لە ماڵپەڕەکانی سەر بە ڕێژیم، باسی لە زۆربوونی ڕێژەی نەخوێندەواری لەم پارێزگایە کرد و وتی : "بەپێی سەرژمێرییەکانی ساڵی ١٣٩٥، ئاماری نەخوێندەوارانی پارێزگای ورمێ بە ١٩٥ هەزار کەس مەزندە کراوە".

هەروەها ئەم بەرپرسەی ڕێژیم لە بەشێکی تری قسەکانیدا وتبووی: کە پارێزگای ورمێ لە بواری پێوەری قەرەباڵغی قوتابییان بارودۆخێکی باشی نییە و لە پلەی ٢٩ی وڵاتدایە.

هەروەها ناوبراو وتوویەتی: کە بۆ بردنەسەری ڕێژەی خوێندەواریی لە پارێزگای ورمێ پێویستیان بە ٥ هەزار و ٤١ پۆل هەیە.

بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئەمە ئامارێکە لە لایەن ڕێژیمەوە بڵاو کراوەتەوە و دەکرێت ئەم ئامارە زۆر لەمە زیاتر بێت و هەمیشە ڕێژیم لە بڵاوکردنەوەی ئامارەکان چەواشە دەکات.

دیاردەی نەخوێندەواری دیاردەیەکی زەق لە ئێراندا بەتایبەتی لە کوردستان و ناوچە سنوورییەکانە. کە لەم ساڵانەی دواییدا ئاماری ئەو کەسانەی دەست لە خوێندن هەڵدەگرن بەرزبوونەوەی بەرچاوی بە خۆوە بینییەوە و هۆکارەکەی گرانی، هەژاری و بێکارییە و  خوێندکاران بۆ دابینکردنی پێداویستی و گوزەرانی ژیانی خۆیان و بنەماڵەکانیان ناچار دەبن واز لە خوێندن بهێنن.

ڕێژیم لە ڕاستای ئەم دیاردە دزێوەدا و بۆ کەمکردنەوەی ئەم ئاماری زۆری نەخوێندەواری و بێکاری هیچ هەنگاوێکی ئەرێنی هەڵنەگرتووە.