کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٢٩هەمین ساڵیادی تێرۆرکردنی د.قاسملوو و هاوڕێیانی لە بنکەی سەرەکیی حیزبی دێموکرات بەرز ڕاگیرا

14:30 - 24 پووشپەڕ 2718

کوردستان میدیا: لە بنکەی سەرەکیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران  ڕێوڕەسمێک بۆ بەرزڕاگرتنی یادی شەهیدانی ڤییەن بەڕێوە چوو.

 ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٣ی پووشپەڕی ١٣٩٧ی هەتاوی، لە بنکەی سەرەکیی حیزبی دێـموکراتی کوردستانی ئێران، ڕێوڕەسمێک بە بۆنەی ٢٩هەمین ساڵیادی تێرۆرکردنی ڕێبەری لێوەشاوەی گەلی کورد "د. عەبدولڕەحمان قاسملوو" هاوڕێ لەگەڵ "عەبدوڵڵا قادری ئازەر" نوێنەری حیزب لە دەرەوەی وڵات و "د. فازڵ ڕەسوڵ" دۆستی حیزبی دێموکرات، بە دەستی  دێپلۆماتە تێرۆریستەکانی تاران بەڕێوە چوو.

سەرەتای ئەم ڕێوڕەسمە بە سروودی نەتەوایەتی "ئەی ڕەقیب" و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێکرد.

دواتر پەیامی دەستەی کارگێڕیی حیزبی دێموکرات لە لایەن "تاهیر مەحموودی" بەرپرسی ڕێكخستنی گشتیی حیزبی دێموکرات خوێندرایەوە.

لە بڕگەیەکی دیکەی ئەم مەڕاسمە سروودێک لەژێر ناوی "ئەی مامۆستای مەزن" لە لایەن "نەوەکانی قاسملوو"ـەوە پێشکەش کرا.

دواتر پەیامی ڕێکخراوەکانی "لاوان، ژنان و خوێندکارانی دێموکراتی کوردستانی ئێران" لە لایەن "پێژمان شەریعەتی" جێگری سکرتێری ڕێکخراوی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران خوێندرایەوە.

ڕێوڕەسمەکە بە پێشکەشکردنی شیعڕێک لە لایەن پێشمەرگە و شاعیر مامۆستا "بێبەش"ـەوە کۆتایی پێهات.