کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەواڵنێرێک به هۆی گوشاری هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم زێدی خۆی جێهشت

13:47 - 22 رێبەندان 2717

کوردستان میدیا: یەکێک لە هەواڵنێرانی ئاژانسی هەواڵی موکریان بە هۆی گوشاری هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بە ناچاری زێدی خۆی بە جێهشت.

ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە کە نیشتمان ئەسعەدی، تەمەن ٣٣ ساڵ و هەواڵنێری ئاژانسی هەواڵی موکریان، لەژێر گوشاری هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی ئێران ڕووی لە یەکێک لە وڵاتانی دراوسێی ئێران کردووە.

ئەو هەواڵنێرە کوردە لە وتووێژێکدا لەگەڵ ئاژانسی کوردپا وێڕای پشتڕاست کردنەوەی ئەو هەواڵە ڕایگەیاندووە: چەند جارێک بە هۆی چالاکیی مەدەنی و هەواڵنێرییەوە بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەهاباد بانگهێشت کراوه و دوایین جار لە چوون بۆ ئێداری ئیتلاعات خۆی بواردووە.

نیشتمان ئەسعەدی هەروەها گوتوویەتی: بە پێچەوانەی داواکاریی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەهاباد، لە چوون بۆ ئەو ئیدارەیە خۆی بواردووە و هەروەها دووپاتی کردووەتەوە کە بەبێ حوکمی قەزایی، سەردانی ئەو ناوەندە حکوومەتییەم نەکردووە.

ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەهاباد ڕێکەوتی ٥ی ڕێبەندانی ١٣٩٦ی هەتاوی، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بۆ جاری دووهەم داوای لە نیشتمان ئەسعەدی کردبوو که بە مەبەستی لێپێچینەوە سەردانی ئەم ئیدارەیە بکات؛ بەپێچەوانەی ویستی ئەم دەزگا ئەمنییەتییەی ڕێژیم، نیشتمان ئەسعەدی ئەم داوایەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕەت کردبۆوە و پێداگری کردبوو لە سەر نەچوونی بۆ ئیتلاعات.

نیشتمان ئەسعەدی لەدایکبووی شاری نەغەدە و نیشتەجێی شاری مەهاباد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو؛ ناوبراو، لە بوارەکانی مافی مرۆڤ و مافی ژنان چالاک بووە و زیاتر لە یەک ساڵە وەکوو پەیامنێری ئاژانسی هەواڵدەریی موکریان چالاکی دەکات.