کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەوڵێکی قێزەون و سواوی دیکەی ڕێژیم لە ۲۲ی پووشپەڕدا

21:48 - 22 پووشپەڕ 2718

کوردستان میدیا: کۆماری ئیسلامی لە هەوڵێکی قێزەونی تریدا ڕۆژی ۲۲ی پووشپەڕی کردووەتە ڕۆژی جێژن و شادی.

بەمەبەستی سووکایەتی کردن بە تاکی کورد بەگشتی و کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەتی ساڵانە دەزگا چەواشەکارەکانی ڕێژیمی تاران و بەتایبەت دەزگای تەبلیغاتی ئیسلامی و وەزارەتی بەناو فەرهەنگ لە بەرەبەری ساڵڕۆژی شەهید بوونی ڕێبەری ناوازەی گەل دوکتور قاسملوودا ئیزنی بەڕێوەبردنی هەندێک بەناو کۆنسێرتی مووسیقی دەدات.

ئەمساڵیش هاوشێوەی ساڵانی ڕابردوو، ڕێژیم لە شارەکانی کوردستان لەوانەش، مەهاباد، سەقز، ورمێ و بۆکان کاری لەم چەشنەی کردووە و تەنانەت سنووری بەدڕەوشتییەکانی بەزاندووە و لە شاری هەولێریش کاری لەم چەشنەی ئەنجام داوە.

بەپێی هەواڵەکان ئەمڕۆ ۲۲ی پووشپەڕ کۆنسولخانەی ڕێژیم لە ھەولێر کۆنسێرتی بۆ مەجید خەراتە بە نرخێکی زۆر هەرزان داناوە و نامەی بۆ زۆرێک لە هاووڵاتیانی باشووری کوردستان ناردووە کە بەشدار بن.

کردەوەگەلی لەم چەشنە تەنیا و تەنیا هەوڵێکی سواو و بێ ئەنجامی ڕێژیمە بۆ شاردنەوەی ڕاستییەکان و هیچ لە گرینگی ئەسڵی بابەتەکە کەم ناکاتەوە و بەپێچەوانەوە هێندەی دیکە ناخی پڕ لە قینی ڕێژیم بۆ گەل دەخاتە ڕوو؛ سەلمێنەری ئەم وتەش پەیوەست بوونی ڕۆژانەی لاوانی کورد بە ڕیزی خەبات لە دژی تەواوییەتی ڕێژیمە.