کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەوڵە فریوکارانەکانی ڕێژیم بۆ بەلاڕێدابردنی ئاقاری خۆپیشاندانەکان

12:05 - 15 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: هاوکات لەگەڵ بەردەوامی و پەرەسەندنی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانە جەماوەرییەکان لە شارەکانی ئێراندا، کۆماری ئیسلامی دەستی کردووە بە کۆمەڵێک چالاکی فریودەرانە بە مەبەستی بەلاڕێدابردنی ئاقاری خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییە خەڵکییەکان کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا تەواوییەتی ڕێژیمی تارانیان کردە ئامانج.

شەوی ڕابردوو، بۆ پێنجەمین شەوی یەک لەدوای یەک لە چەندین شاری گەورە و بچووکی ئێران لەوانە تاران، کەرەج، قۆم، شیراز، قەهدەریجان و ئەبهەر و کازروون خۆپیشاندانی خەڵکی ناڕازی سەرەڕای بوونی حکوومەت نیزامی ڕانەگەیەندراو بەڕێوەچوو کە لە هەندێک شوێندا تێکهەڵچوونیش هاتە ئاراوە.

بەپێی دوایین ڕاپۆرتە پێوەندیدارەکان ئەگەرچی ڕێژیم هەوڵی دا لەڕێگەی پچڕاندنی بەرق و ئینتێرنێت ڕێگر بێت لە گەیاندنی دوایین زانیاری و هەواڵەکان لەم شار و ناوچانە بەڵام دیسان شکستی خوارد و خەڵک بەگوڕتر درووشمی ڕووخانیان دەدا؛ ئەویش لە شارگەلێک کە ساڵانێکە ڕێژیم هەوڵ دەدات بە ژێرچەپۆکی بیانهێڵێتەوە لەوانەش شاری قۆم کە بە پێتەختی مەزهەبی ڕێژیم دەژمێردرێ.

ئەم ڕووداوانە هاوکاتن لەگەڵ کۆمەڵێک هەوڵی نەزۆکی باندەکانی ڕێژیم بۆ سواربوون بەسەر شەپۆلی ناڕەزایەتییەکان و کۆنترۆڵ کردنەوەی دۆخی لەدەس دەرچوویان؛ موحەممەد خاتەمی سەرۆکی باندی بەناو ئیسڵاحخواز کە تا دوێنێ ئیزنی قسەکردن و دەرکەوتنیان لێ ئەستاندبوو، بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە و وەک ئامرازی بەردەست وەلی فەقیه هێنرایەوە نێو یارییەکە؛ ناوبراو ڕوو لە ئەندامانی باندەکەی ڕایگەیاند: "تا ئەو کاتەی ئیسڵاحات زیندووە شوێنێک بۆ ڕووخان بوونی نییە!".

بۆ بەلاڕێدابردنی ئەسڵی مەسەلەکە و ویستی جەماوەر کە ڕووخانی رێژیمە وتوویشیەتی: "هەندێک کەس دەیانهەوێ وەها نیشان بدەن کە ئەم ڕووداوانە بەهۆی ئیسڵاحخوازانەوەیە بەڵام من ڕادەگەیەنم کە بەتەواوی مانا داکۆکی لە کۆماری ئیسلامی دەکەم و پێم وایە کە دەبێ ڕێفۆرمهەڵگر بین!"

هەروەها سادق زیباکەلام کە بە تێئۆریزیەنی "ئیسڵاحات" لە ئێران پێناسە دەکرێت لە لێدوانێکی هاوشێوەدا وتوویەتی: "تەنیا ڕێگەی گەیشتن بە دێموکراسی لە نێو نیزامی کۆماری ئیسلامیدایە! و گەورەترین کێشەی ئێمە لاوازی کۆمەڵگای مەدەنییە!"

چالاکێکی سیاسی لە نێوخۆی وڵات لەمبارەوە بە "کوردستان میدیا"ی ڕاگەیاندووە: "ئەم هەوڵەی باندی خاتەمی و ڕوحانی هاوکاتە لەگەڵ ڕووماڵ کردنی هەواڵی خۆپیشاندانەکان لەلایەن ماڵپەڕ و کاناڵە تێلێگرامەکانی بەرەی بناژۆخواز کە دەیانهەوێ وەها نیشان بدەن ئەم ڕووداوانە نیشانەی "ئینقلابی" نەجووڵانی دەوڵەتی ڕێفۆرمە و ناڕاستەوخۆ ئەو فکرە چەوتە بخزێننە نێو خەڵک کە ئەگەر ئێمەی "ئینقلابی" لەسەر کار ببوایەتین هیچ کام لەم گرفتانە نەدەهاتنە پێش".

ئەم چالاکە سیاسییە لەمبارەوە دەڵێت: "لەم ڕاستایەشدا بۆ ئەوەی وەها نیشان بدرێت گرفتەکان لە حاڵی چارەسەرکردنن و ئەوە گەندەڵکارەکانمان دەسنیشان کرد و ئیتر خەڵکینە بڕۆنە ماڵی خۆتان، بڕیاریان داوە چەند مۆرەیەکی سووتاو و یەک لەوان ئەحمەد عێراقچی جێگری پێشووی کاروباری ئەرزی بانکی ناوەندی و کارمەندی یەکێک لە جێگرەکانی سەرکۆمار و چوار چالاکی ئەرزی دەسبەسەر بکەن و بدەن لە دەهۆڵ کە ئەوە هەموو کێشەکان خەریکن چارەسەر دەبن!"

 یان لە هەوڵێکی نەزۆک و جێگەی شوورەیی دیکەدا بە کەڵکاژۆوەرگرتن لە دۆخی ژیانی بوومەلەرزەلێدراوانی ناوچەی سەرپێڵی زەهاو بانکەکانی کرماشانیان ڕاسپاردووە بە دەرکردنی بەخشنامەی سەیر و سەمەرە بەڵێنی درۆئینی دانی وامی زۆر بە بوومەلەرزەلێدراوان بدەن تاکوو بۆ ماوەیەکیش بووە ڕقی پەنگخواردوویان دامرکێننەوە.