کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەوڵەکانی ئامریکا بۆ سازکردنی هاوپەیمانییەکی جیهانی دژ بە تاران بەردەوامە

12:08 - 20 پووشپەڕ 2718

کوردستان میدیا: وەزیری دەرەوەی ئامریکا لە چوارچێوەی گەڵاڵەی سازکردنی هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتی بەدژی سەرەڕۆییەکانی تاران، بە مجدییەوە کار دەکات.

مایک پۆمپێئۆ وەزیری دەرەوەی ئامریکا ڕۆژی سێشەممە هەڵسوکەوتەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەی بە "تووش و تۆسن" وەسف کردووە و ڕوو لە تاران وتوویەتی: ئامریکا و هاوپەیمانە عەرەبەکانی لە کەنداو بە ئێرانی دەسەلمێنن کە کردارەکانی تێچوویەکی زۆر قورسیان هەیە.

ناوبراو ئەم هۆشدارییەی لە دوایین قۆناغی سەفەرەکەی بۆ ئیمارات ڕوو لە ٥ هەزار هێزی ئامریکایی نیشتەجێ لەم وڵاتە ڕاگەیاندووە و وتوویەتی: ئەوەیکە ئێستا ئێمە کاری لەسەر دەکەین وشک کردنی سەرچاوە ماڵییەکانی رێژیمی تارانە کە لە چەندین ڕێکار کەڵک وەردەگرین لەوانەش کۆمەڵێک گەمارۆ و تەحریم کە ئامانجی نەک خەڵکی ئێران بەڵکوو بەچۆکداهێنانی ڕێژیمە.

پۆمپێئۆ هەروەها وتوویەتی: هەنووکە پێویستیمان بە "هەوڵێکی جیهانی" هەیە تاکوو ئێران کۆنترۆڵ بکەین، بەمشێوەیەش ئێران وەک "وڵاتێکی ئاسایی" هەڵسوکەوت بکات.

سەبارەت بە هەڕەشەکانی ڕوحانیش کە وتبووی گەرووی هۆرمۆز دادەخەین ڕایگەیاند: ئێران دەبێ بزانێت کە ئامریکا پێبەندە بە هێڵە دەریاییەکانەوە و قەت ناهێڵێ ڕاگواستنی نەوت لە جیهاندا تووشی کێشە ببێت؛ ئەم پێبەندییەی ئێمە چەندین دەیەیە بوونی هەیە و ئێستاش هەر بەردەوامە.

پۆمپێئۆ هەروەها ڕوو لە سپای قۆدس و قاسم سولەیمانی ڕایگەیاندووە: ئەوان کێشەی زۆریان بۆ خەڵکی سوریە و عێراق درووست کردووە و ئێمەش دەبێ تێچووی قورس بۆ ئەوان بەتایبەت شەخسی قاسم سولەیمانی ساز بکەین.