کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڕەشە و دژکردەوەی ڕۆحانی لە هەمبەر گەمارۆوەکانی ئامریکا

12:39 - 16 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران، پاش بڕیاری وەگەڕخرانەوەی خولی یەکەمی گەمارۆوەکان ڕایگەیاندووە، کە ئامریکا لەو بڕیارەی پەشیمان دەبێتەوە.

چەند کاتژمێرێک پاش گەڕانەوەی گەمارۆوەکان بۆ سەر ڕێژیمی تاران، حەسەن ڕۆحانی سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران لە کاناڵی ٢ی تەلەفزیۆنی فەرمیی ڕێژیمەوە، لە یەکەم کاردانەوەیدا باسی لەوە کردووە، کە ترامپ لەو بڕیارەی پەشیمان دەبێتەوە.

دانڵد ترامپ ڕۆژی دووشەممە ١٥ی گەلاوێژ، بڕیاری دەسپێکردنەوەی گەمارۆوەکانی بۆ سەر ڕێژیمی ئێران واژۆ کرد و ڕایگەیاند: "سیاسەتی ئێمە گوشارێکی تەواو بۆ سەر ئابووریی ڕێژیمی ئێرانە".

ڕۆحانی شەوی دووشەممە لە کاناڵی ٢ی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، داواکاریی ترامپ بۆ دانیشتن لەگەڵ بەرپرسانی ڕێژیم و هاوکات واژۆکردنی بڕیاری گەمارۆوەکانی بە دوو شتی ناتەبا و بێمانا زانیوە.

ناوبراو ڕایگەیاندووە، کە گەمارۆکان وەکوو چەقۆیەکە کە ئامریکا لە باڵی ئێمەی داوە، تا کاتێک کە ئەو چەقۆیە لە باڵمان دەرنەهێنێت، ئێمە لەسەر هیچ شتێک لەگەڵ ئەوان وتووێژ ناکەین".

ئەو گەمارۆوە نوێیانەی ئامریکا کە بە گەمارۆی کەمەرشکێن ناو دەبردرێن، زۆربەی چالاکییە ئەرزی و ئابوورییەکانی ڕێژیمی کردووەتە ئامانج.

هاوکات ترامپ ئامادەییی خۆی بۆ دانوستاندن لەگەڵ بەرپرسانی ڕێژیمی ئێرانی بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە چالاکی و دەستێوەردانە خراپ و شەڕئەنگێزانەکانیان وەکوو: بەرنامە مووشەکییە بالستیکییەکان و پاڵپشتی لە تیرۆریستان، دەربڕیوە.