کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڕەشەکانی ئێران بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ و بەستنی گەرووی هۆرمۆز

18:12 - 26 پووشپەڕ 2718

کوردستان میدیا: پاش سەردانەکەی ڕاوێژکاری باڵای عەلی خامنەیی بۆ ڕووسیە، هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ تێکدانی تەناهیی وڵاتانی دراوسێ و بەستنی گەرووی هۆرمۆز، زۆرتر بوونەتەوە.

پێنجشەممەی پێشوو، ڕێکەوتی ٢١ی پووشپەڕی ١٣٩٧ی هەتاوی، عەلی‎ئەکبەر ویلایەتی، ڕاوێژکاری باڵای خامنەیی بۆ کاروباری دەرەوە، بە مەبەستی گەیاندنی پەیامێکی ڕێبەری ڕێژیم بەدەستی ولادمیر پووتین، سەرکۆماری ڕووسیە، سەردانی ئەو وڵاتەی کردبوو.

ڕۆیشتنی ناوبراو بۆ ڕووسیە هاوکات لەگەڵ سەردانی سەرکۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا بۆ ئەو وڵاتە و دانیشتنی لەگەڵ پووتین بوو.

ڕاوێژکاری باڵای خامنەیی لە مۆسکۆ هەڕەشەی کردبوو، کە ئەگەر ئێران نەتوانێ نەوتی خۆی بفرۆشێت، هێچ ولاتێکی دیکەش لە ناوچەی ڕۆژهەلاتی نێوەڕاست ناتوانێت نەوت بفرۆشێت.

یەک ڕۆژ پاش ئەو هەڕەشانەی ویلایەتی، حوسێن شەریعەتمەداری، لە ڕۆژنامەی کەیهانی تاراندا، باسی لە دەسپێکی شەڕێکی قورس لە ناوچەکەدا کردووە.

ناوبراو ڕەخنەی لە دەوڵەتی ڕووحانی گرتووە، کە لە بەرانبەر هێزە دەرەکییەکاندا زۆر لاوازە و ڕایگەیاندووە: "ئامریکا و ئورووپایییەکان خائین، جەنایەتکار و باجگیرن، پێویستە وەکوو سەرەتای شۆڕش بە توندی مامەڵەیان لەگەڵدا بکەین و شکستیان بدەین".

شەریعەتمەداری، نوێنەری عەلی خامنەیی لە سەروتاری کەیهانی تاراندا، بە مەبەستی ترساندن و پاشگەزکردنەوەی ئامریکا و ئورووپا بە نیسبەت بڕیاری گەمارۆ خستنەسەر فرۆشی نەوتی ئێران، باسی لە دانانی مین لە گەرووی هۆرمۆز و بەستنی یەکجارەکیی ئەو شوێنە بە ڕووی نەوتکێشەکاندا و هەروەها هێڕشی مووشەکیی بۆ سەر عەرەبستان، ئیسرائیل و تەنانەت ئورووپاش کردووە.

هیدایەتوڵڵا خادمی، ئەندامی کومیسیۆنی وزەی مەجلیسی ڕێژیم، لەو بارەوە ڕایگەیاندووە: "تەنانەت ئەگەر بە ئێمە ئیزنی فرۆشی نەوتەکانمان نەدەن، ئێمە سپاسی ڕووسیە دەکەین، کە لە بەرانبەر نەوت خۆراکمان پێ دەگەیەنێت و ناهێلێت لە برسا بمرین".

خادمی ڕایگەیاندووە: "ئێمە لە نێوان خراپ و خراپتردا گیرمان کردووە، دەبێ لە نێوان دانی نەوتەکانمان بە ڕووسیە و بەدەستهێنانی خۆراکی ڕۆژانە و ئەوەی کە هەرگیز نەتوانین نەوت بفرۆشین یەکێکیان هەڵبژێرین".

هاوکات لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی ئامریکا بۆ وەگەڕ خرانەوەی گەمارۆوەکان بۆسەر ڕێژیمی تاران، کۆمپانیا و بازرگانانی بیانییەکان پێوەندییان لەگەڵ ڕێژیمی ئێران هەڵدەوەشێننەوە و لە بەرانبەریشدا بەرپرسانی ڕێژیمی ئێرانیش هەڕەشە دەکەن.

پیشتریش حەسەن ڕۆحانی، عەلی‎ئەکبەر ویلایەتی و چەندین فەرماندەی باڵای سپای پاسداران و سپای قودسی ئەو ڕیژیمە، هەڕەشەی بەستنی گەرووی هۆرمۆزیان کردبوو.