کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڕەشەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە مەهاباد بۆ سەر ژنە ڕۆژنامەوانێکی کورد

20:57 - 9 رێبەندان 2717

کوردستان میدیا: نیشتمان ئەسعەدی هەواڵنێری ئاژانسی هەواڵدەریی موکریان لە ماوەی سێ مانگی ڕابردوودا لانیکەم دوو جار بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە شاری مەهاباد کراوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەهاباد ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٥ی ڕێبەندانی ١٣٩٦ی هەتاوی، لە پەیوەندییەکی تەلەفوونیدا بۆ جاری دووهەم داوای لە نیشتمان ئەسعەدی کردووە بە مەبەستی لێپێچینەوە ڕۆژی شەممە سەردانی ئەم ئیدارەیە بکات. هەروەها بە ناوبراویان ڕاگەیاندووە کە بنەماڵەکەی لەم سەردانە ئاگادار بکاتەوە، چوونکە ئەو سەردانە ئەگەری هەیە درێژماوە بێت و لای ئەوان بمێنێتەوە.

بەپێچەوانەی ویستی ئەم دەزگا ئەمنییەتییەی ڕێژیم، نیشتمان ئەسعەدی ئەم داوایەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕەت کردووەتەوە و پێداگری کردووە کە تەنیا لە ئەگەرێکدا سەردانی ئەم ئیدارەیە دەکات کە حوکمی دەسەڵاتی داد لە پەیوەندی لەگەڵ بانگهێشتکرانی خۆی بەدەست بگات.

بەهۆی خۆبواردنی ئەسعەدی لە چوون بۆ ئیدارەی ئیتلاعات، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە شاری مەهاباد پەیوەندیان بەم ڕۆژنامەنوسەوە کردووە و هەڕەشەی ئەوەیان لێکردووە کە ئەگەر تا ڕۆژی چوارشەممەی ئەم هەفتەیە پەیوەندی بەم ئیدارەوە نەکات ئەوا دەسبەسەری دەکەن.

جاری یەکەم، مانگی سەرماوەزی ئەمساڵ ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە شاری مەهاباد، دوای بانگهێشتکردنی ئەسعەدی داوای ئەوەیان لێکردبوو، کە دەبێت سەرجەم چالاکییە ڕۆژنامەوانییەکانی ڕابگرێت؛ مەگەر ئەوەی نێوەڕۆکی ڕاپۆرت و چاوپێکەوتنەکانی بەر لە بڵاوبوونەوە، لەگەڵ ئەم دەزگا ئەمنییەتییە هەماهەنگ بکات.

نیشتمان ئەسعەدی لەدایکبووی شاری نەغەدە و نیشتەجێی شاری مەهاباد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. ناوبراو، لە بوارەکانی مافی مرۆڤ و مافی ژنان چالاک بووە و زیاتر لە یەک ساڵە وەکوو پەیامنێری ئاژانسی هەواڵدەریی موکریان چالاکی دەکات.