کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەکێرەکانی سپای پاسداران بە دزینی پارە ئەرکدار کراون

14:36 - 20 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: کۆمپانیای ئەمنییەتیی سایبریی ئامریکایی، باسی لەوە کردووە، کە هەکێرەکانی سپای پاسداران بە دوای دزینی پارەی وڵاتانن.

گرووپێکی چالاک لە بواری ئەمنییەتی سایبری ڕایگەیاندووە، کە دامەزراوەکانی سەربە ڕێژیمی ئێران لە چەندین مانگی ڕابردوودا، بەردەوام هێرشی سایبریان بۆ سەر وڵاتان و کۆمپانیا جیهانییەکان، ئەنجام داوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی دەنگی ئامریکا، تام پارکر، بەرپرسی بەشی گەشەی ستراتیژیکی کۆمپانیای "ئکسنتور سکیوریتی" لە وتووێژ لەگەڵ بەشی فارسی ئەو ماڵپەڕەدا، ڕایگەیاندووە: "بۆ گرووپەکەی دەرکەوتووە، کە لە زۆربەی هێرشی هەکێرەکانی سپای پاسداران بۆ سەر دامەزراوە و دامودەزگای وڵاتان لە سەرتاسەری جیهان، دزینی پارە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی ئەو هێرشانە بووە".

پارکر هەروەها ڕایگەیاندووە: "ئیمە شایەتی گۆڕێنی نییەتی هێرشبەرانی سایبری سپای پاسدارانین، بە شێوەیەک کە چیدیکە مەبەستیان تەنیا خراپکاری یان ناردنی نامەیەک یان بەدەستهێنانی زانیاری نییە، بەڵکوو مەبەستی ئەوان دزینی پارە لە دامەزراوە یان کەسایەتییە جیهانییەکانە".

ئەگەرچی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران هەر جۆرە پێوەندییەکیان بەو هەکێرانەی کە هێرشیان کردووەتە سەر وڵاتی ئامریکا و وڵاتانی عەرەبی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ڕەت کردووەتەوە، بەڵام هەتاکوو ئێستا بەرپرسانی ئامریکایی بە هۆی خراپکاری و دزەکردنە نێو دامودەزگاکانیان بەدواداچوونیان بۆ چەندین هەکێری ئێرانی کردووە.