کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

والستریت ژۆرناڵ: ئابووریی ئێران پێش لە گەمارۆوە ئابوورییەکان تووشی داڕمان بووه

13:26 - 9 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: پاش هاتنەدەرەوەی ئامریکا لە بەرجام و پێش لە گەمارۆ خستنەسەر ڕێژیمی ئێران، کۆمپانیا نێونەتەوەیییەکان به هۆی ترس له گەمارۆوەکانی وڵاتی ئامریکا ،چالاکییە ئابوورییەکانی خۆیان لەگەڵ ڕێژیمی ئێران ڕاگرت.

واڵستریت ژۆرناڵ لە ڕاپۆرتێکدا، باسی له دۆخی ئابووریی ئێران و لەنێوچوونی دامەزراوە بازرگانییەکانی ئەم وڵاتە کردووە.

ئەم بڵاڤۆکە له ڕاپۆرتەکەی خۆیدا نووسیویەتی: هەوڵەکانی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ئەو قەیرانە ئابوورییانەی کە دوابەدوای کشانەوەی ئامریکا لە بەرجام، بەرۆکی پێ گرتبوون، تووشی شکست هاتووە و ئەوان پێش لە خولی نوێی گەمارۆوەکان تووشی کێشەی ئابووری ببوون. 

ئەم ڕاپۆرته ئاماژه به هەوڵە بێئەنجامەکانی حەسەن ڕۆحانی لەم بارەیەوە دەکات و دەڵێ: حەسەن ڕۆحانی، سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران، به هۆی ناکارامەیی له پێشگرتن به دابەزینی نرخی ڕیاڵ ڕەخنەی لە بەرپرسی بانکی ناوەندیی رێژیم گرت و لە ئاکامدا لە سەر کارەکەی لای برد.

ئەم ڕاپۆرته هەروەها، باس لە ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو دەکات و دەڵێ: لە حاڵێکدا کە ترامپ دەیەوێ گەمارۆ بخاتە سەر ئەو کڕینانەی کە لە ئێراندا بە دۆلاری دەکرێت، لە مانگەکانی ڕابردوودا دەیان ناڕەزایەتی به نیسبەت زیادبوونی نرخەکان، گەندەڵی و خەساری ژینگەیی ڕوویان داوە.

شیاوی ئاماژەیە که هەناردەکردنی نەوتی ئێران، لە ماوەی ٢ ساڵی ڕابردوودا، ٨ لەسەد دابەزیوە و نرخی بێکاری لە نێو لاواندا ٣٠ لەسەدە.