کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وتووێژی ماڵپەڕی کوردستان میدیا لەگەڵ چالاکێکی ژنان لە وڵاتی ئاڵمان بە بۆنەی ٨‌ی مارس

13:35 - 17 رەشەمه 2712

مالپەڕی کوردستان میدیا به مەبەستی ئاوەڕدانەوە لە کێشەی ژنان لە بەرەبەری ٨‌ی مارس رۆژی جیهانی ژناندا وتووێژێکی لەگەڵ کەژاڵ نەقشبەندی چالاکێکی ئەو بوارە پێک هێنا.
دەقی وتووێژەکە:
كوردستان میدیا: ئێستاكە لە بەشێكی زۆری ئەو جیهانەدا ژنان هەتا رادەیەك توانیویانە بە مافەكانان ئاشنا بن و كاری بۆ بكەن، بەڵام ئەگەر سرنج بدەین لە ئێران ژنان پێشكەوتنێكی ئەوتۆیان بە خۆیەوە بەمانا مۆدێڕنەكەی نەبینیوە، هۆكاری ئەمە بۆ چی دەگەڕێنەوە؟
ک. نەقشبەندی: لە ئێران بەهۆی عقڵیەتی پیاوسالاری و سوننەتی بوونی کۆمەڵگە یاساکان لەسەر بنەمای مەزهەب و دین داڕێژراون و بە ئاشکرا لە یاساکاندا مافی ژن پێشێل دەکرێ و ژن بە شارومەندی دووهەم سەیر دەکرێت و کەمترین دەرکەوتنی ژن لە بواری سیاسی و کۆمەڵایەتی و ... هتد بە عەیب و عار لە قەڵەم دەدرێت و بە توندی رێگری لێ دەکرێت، تەنانەت لە چالاکی مەدەنیشدا بێبەشن و رێگەی هەر جۆر چالاکییەکیان لێ دەگیردرێت و مافی ئەوەشیان نییە کە داوای مافی خۆیان بکەن. بەڵام سەرەڕای ئەو هەموو توندوتیژییە کەلە ئێران چ لەلایەن حکوومەت و چ لەلایەن کۆمەڵگاوە بەرامبەر بە ژنان هەیە هێشتا نەیانتوانیوە دەنگی ناڕەزایەتی ژنان کپ بکەن.
كوردستان میدیا: یاسا لە سیستمی حكوومەتی ئێراندا هەتا چەندە رێگر بووە لەبەردەم باوەڕ بەخۆبوون و بەرەوپێش چوونی ژنان؟

ک. نەقشبەندی: حکومەتی ئێران زۆر بە ئاشکرا و بە تووندی رێگری پێشکەوتن و باوەڕ بە خۆبوونی ژنانە و ئەویش لەرێگای یاساکانییەوەیە کە بەشێوەی یاسایی، یان شەرعی ژنان دەکەنە قوربانیی توندوتیژی، ئەمەش زۆر لە ژنان بەو باوەڕە دەگەیەنێ کە بێ مافیەکانیان، مافیانە و ئەبێ ملکەچی بن، ئەمەش دەبێتە هۆی باوڕ بە خۆ نەبوون و نموونەی هەندێ لەو یاسا دژ بە ژنانە بریتین لە:
حیجابی زۆرەملێ، سیغە کردنی ژنان، توندوتیژی جینسی بێ رەزامەندیی ژن، فرە ژنی، بەشی کچ لە میراتدا نیوەی کوڕە، شەهادەتی دوو ژن بەرامبەرە بە شهادەتی یەک پیاو، ژن ئیجازە و بڕیاری تەڵاقی نییە تاکوو پیاوەکە رازی بە تەڵاق نەبێ و زۆر شتی دیکە ... هتد.
كوردستان میدیا: ئەركی ژنان لە ئێران و بە تایبەتی كوردستان بۆ گۆڕینی ئەو یاسایانە و جێگیر كردنی یاسایەكی دێمۆكراتیك بە مانای پاراستنی مافی ژنان چییە؟

ک. نەقشبەندی: هەنگاونان بۆ دەرخستنی رووبەرێکی راستەقینە لە پراکتیزە کردنی دێمۆکراتی و بەرەوپێش چوونی کۆمەڵگای راستەقینە بە شێوەی عەمەڵی بۆ هوشیار کردنەوە و هەوڵدان بۆ بردنە سەرەوەی ئاستی رۆشنبیری و گۆڕینی بیروڕای کۆمەڵگە بەرامبەر بە ژن زۆر پێویستە.


كوردستان میدیا:
رێكخراوەكانی داكۆكیكاری مافەكانی ژنان لە ئێران و دەرەوەی ئێران بۆ ئاشنا كردنی ژنان بە مافەكانیان چ كار و هەنگاوێكیان هەڵهێناوەتەوە و پێویستە هەڵی بێنەوە؟
ک. نەقشبەندی: ئەوەی راست بێ هەوڵی زۆر دراوە بۆ چارەسەر کردنی کێشە و نەمانی توندوتیژی دژ بە ژنان و هەوڵدان بۆ گەیشتن بە مافەکانی ژنان لە ئێران چ ناوەوە و چ لە دەرەوەی ئێران لەلایەن چالاکانی پرسی ژنان چ سەربەخۆ و چ بە شێوەی گرووپی و رێکخراوەیی، بەڵام بە داخەوە زولم و زۆری حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بەرامبەر بە ژنان هیندە زۆرە کە ئەو هەموو هەوڵ و تەقالایەی چالاکانی مافی ژنان و گشت رێکخراوەکان لە ئاستیکی کەمدا دەبینریت.

بۆ ئاشنا کردنی ژنان بە مافەکانیان پێویستە چالاکانی مافی ژنان هەوڵ بدەن بۆ رۆشنگری و ناساندنی مافی ژنان بە خودی ژنان چون ژن تاکوو مافی خۆی نەناسێت هەوڵیشی بۆ نادات، ئەبێ هەوڵ بدرێت بۆ گرتنی کۆڕ و کۆبوونەوە و سمینار لەسەر پرسی ژنان بە بەشداری کەسانی شارەزا لە بواری مافی ژنان، دەورەی ئاموزشی ساز بکرێت بۆ ژنان، هەوڵ بدرێ بە بەردەوامی پێوەندێ هەبێ لەگەڵ لایەنە پێوەندیدارەکان بە پرسی ژنانەوە. هەروەها چالاکی راگەیاندنی ژنان بۆ ناساندنی پرسی ژنان و شتێک کە زۆر گرینگە ئامووزشی ژنان بۆ پەروەردەی دروست لە بنەماڵەدا، کەواتە پەروەردە کردنی منداڵ بە شێوەی دروست و لە سەر بنەمای یەکسانیی کوڕ و کچ بۆ بنیاد نانی کۆمەڵگایەکی یەکسان.
سپاس بۆ خاتوو کەژاڵ

کەژاڵ نەقشبەندی، لەناوچەی ژاوەرۆی هەورامان لەدایک بووە

ــ بەرپرسی یەکیەتیی ژنانی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی ئاڵمان

ــ ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی یەکیەتی ژنان لە دەرەوەی وڵات

ــ نوێنەری ژنە بیانیەکان لە ئۆفنباخ و نۆیئیزنبورگ لە وڵاتی ئاڵمان