کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وردەکارییەکانی شەڕی ٣ مانگەی کوردستان لە وتووێژ لەگەڵ بێهزاد خوشحاڵی چالاکی سیاسیی کورد

14:23 - 29 خەزەڵوەر 2713

کوردستان میدیا: بەبۆنەی ٣٤ـەمین ساڵڤەگەڕی شەڕی ٣ مانگەی کوردستان و ٢٦ی خەزەڵوەر رۆژی ئاگربەستی ئەو شەڕە خوێناوییە، وتووێژێکمان لەگەڵ بێهزاد خوشحاڵی پێکهێناوە.

7303.jpg

دەقی وتووێژەکە بەم چەشنەیە:


کوردستان میدیا: شەڕی ٣ مانگەی کوردستان، لە کوێ، بۆ چی و چۆن دەستی پێ کرد؟
بێهزاد خوشحاڵی: بۆ چوونە ناو باسەکە ئیزن دەخوازم دابەشکارییەک لە رووی زەمەنییەوە بکەم، واتە لە ٢٢ی رێبەندانی ١٣٥٧هەتا بانەمەڕی ١٣٥٩ی هەتاوی بەسەر ٥ بڕگەی زەمەنیدا دابەش بکەم.
ــ نەورۆزی خوێناویی سنە (٢٧ رەشەمە ١٣٥٧ هەتا ١٠ی خاکەلێوەی ١٣٥٨)

ــ کۆمکوژیی نەغەدە (سەرەتاکانی مانگی بانەمەڕی ١٣٥٨)

ــ رووداوەکانی مەریوان و کۆچی مێژوویی خەڵکی ئەو شارە

ــ رووداوەکانی پاوە و فەرمانی جیهاد دژی نەتەوەی کورد و سەرکوتی سەرانسەریی کوردستان لەلایەن رێژیمی ئیسلامییەوە (لە پووشپەڕی ١٣٥٨ـەوە هەتا خەزەڵوەری ١٣٥٨)

ــ بڕیاری لێبوردنی گشتیی خومەینی و پەژراندنی لەلایەن نەتەوەی کوردەوە (٢٦ی خەزەڵوەری ١٣٥٨)

ــ هێرشی دووهەمی رێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆ کوردستان (٢٩ی خاکەلێوەی ١٣٥٩)

بەپێی ئەم دابەشکارییە دەکرێ بڵێین شەڕی سێ مانگەی کوردستان، درێژەی هەمان پرۆسەیە کە رێژیم لە سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێرانەوە بۆ دەستڕاگەیشتن بەو رەوتە بەرنامەڕێژیی بۆ کردبوو، کەلە رێکەوتی ١٢ی خاکەلێوەی ١٣٥٨ لە راپرسییەکدا بەرگی شەرعی و یاسایی بە بەردا کردووە و بە پەسندکردنی یاسای بنەڕەتی لەسەر بنەمای ویلایەتی فەقیهـ، چەسپاندوویەتی.
لەم نێوانەدا چەندین بەشی ئێران بە گشتی و کوردستان بەتایبەتی هەرگیز ملی بۆ سیاسەتەکانی رێژیمی ئیسلامی دانەداوە و بەردەوام لەهەمبەر پاوانخوازیی ئەو رێژیمە خۆڕاگرییان کردووە.
کوردستان میدیا: هێزە نیزامییەکانی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەسپێکی شەڕی سێ مانگە لە ناوچەی پاوە بوونیان هەبوو؟ (رۆژنامەی کەیهان ژمارە ١٠٨٧٥ هێمای بە هاریکاریی ئەو هێزانه بە حیزبی دێموکرات کردووە لە رۆژی ٢٨ی گەلاوێژەی ١٣٥٨ی هەتاویدا)
خوشحاڵی: هەرچەندە ئامانجی رێژیمی ئێران لە هێنانە ئارا و پڕوپاگەندەی ئەم بابەت‌گەلە، داپۆشینی داخوازە رەواکانی نەتەوەی کورد و پاساوهێنانەوەیە بۆ سەرکوتی خەڵکی کوردستان و پێداگری کردن لەسەر پیلانگێریی دەرەکی لە بنەما سەرەکییەکانی سیاسەتی سیستەمی پاوانخواز دێتە ئەژمار، بەڵام چاخی پاش شۆڕشی ٥٧ سەردەمی حوزووری هێزە جۆراوجۆرە سیاسی و نیزامییەکان لە ناوچە دایە کە ئەمەش بە واتای بەشداریی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان لە چوارچێوەی هاوپەیمانییەک لەگەڵ حیزبی دێموکرات لەمەڕ شەڕ لەدژی رێژیم نییە. گرینگترین ئامانجی رێژیم هەر وەکوو ئاماژەم پێ دا، سیاسەتی پیلانگێرییە بە شێوەیەکی بەردەوام لەمەڕ پاساوهێنانەوە بۆ سیاسەتە سەرکوتکەر و خنکێنەرەکانی و لەلایەکی دیکەشەوە پاساوهێنانەوە بۆ پارتە رکابەرەکانی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان کە لەو سەردەمەدەدا بۆ پەیوەست کردنیان بە پرۆژەی سەرکوتەکانی رێژیم لە دژی نەتەوەی کورد بووە.
رێژیم بۆ پیلاگێڕییەکانی، تەنانەت پڕوپاگەندەی ئەوەشی دەکرد کە گۆیا بنەماڵەی پەهلەوی و پاشماوەی ئەرتشی ئێران لە تەنیشت حیزبی دێموکرات، سەرقاڵی کۆمکوژی و سەرکوت و دابەشکردنی وڵاتن.
رێژیمی ئیسلامیی ئێران دواتر نیشانی دا کە سیاسەتی پیلانگێڕیی لە فاکتەرە سەرەکییەکانی سیاسەتە تەبلیغاتییەکانییەتی.
کوردستان میدیا: بەنی سەدر (سەرکۆماری ئەو کاتی ئێران) لە وتووێژێکدا ئاماژەی بە رۆڵی رێبەرانی \'\'مەکتەب قورئانی کوردستان\'\' لە دەرکرانی بڕیاری جیهادی خومەینی لەدژی نەتەوەی کورد لە کوردستان کردووە و هەندێ سەرچاوە پڕژاوەنەتە سەر ئەوە کە حەسەن ئەمینی \'\'راوێژکاری ئەو کاتی خومەینی لە کوردستان\'\' خومەینیی لە هەڵگیرسانی ئەو شەڕەدا هان داوە، ئایا ئەمە راستە؟؟! ئەگەر ئەم ئیدیعایە راستە، \'\'ئەمینی\'\' جێگری بەرپرسی مەکتەب قورئانی کوردستان لەو سەردەمەدا بەرپرسی ئێستای ئەو رێکخراوەیە لە فتوای جیهادی خومەینی و دەسپێکی شەڕی خوێناویی سێ مانگە لە کوردستان، چ رۆڵیکی هەبووە؟
خوشحاڵی: هیچ بەڵگەیەک لەم پێوەندییەدا بوونی نییە و هیچکەس هەتا کاتێک بەڵگەیەک و دێکیۆمێنتێتی نەبێت ناتوانێت کەس، یان رەوتێک تاوانبار بکات. پاش بانەمەڕی ١٣٥٨ و خۆدوورخستنەوەی موفتی‌زادە بۆ کرماشان و دواتر دەسبەسەرکرانی ناوبراو هەتا ناوەڕاستەکانی دەیەی شەست، بە باشی دەرخەری ئەوەیە کە مەکتەب قورئانی کوردستان ناشێ تووشی وەها خەیانەتێک بووبێت و دوای ئەوەش ئاماژە بەم بابەتە کە بەنی‌سەدر دواتر بە داخەوە لەم ساڵانەی دواییدا بە هەڵە، یان بە ئەنقەست مێژووی بەراوەژوو کردووە جێی گرینگی پێدانە و ئامانیجی ناوبراو لەو کارە دەرباز کردنی خۆی لەو تاوانانە بووە.
کوردستان میدیا: بەنی سەدر هەتا چ رادەیەک لە فتوای جیهادی خومەینی لە دژی نەتەوەی کورد لە کوردستان رۆڵی هەبووە؟
خوشحاڵی: بەنی سەدر بمانهەوێ یان نا، وەکوو یەکێک لە ئەندامانی شۆرای ئینقلاب، وەکوو ئەندامێکی هەیئەتی هاوڕێی تاڵەقانی بۆ سنە، ئەندامی شۆرای داڕیژەری یاسای بنەڕەتی و دواتر سەرکۆماری ئێران، راستەوخۆ لە سەرکوتی خەڵکی کوردستاندا رۆڵی هەبووە و کە هاندەرێکی باش لەو پێوەندییەدا بوونی هەیە:
سەرەتا لە سەردەمی دانووستانەکانی نەورۆزی خوێناویی سنە، خەڵکی کوردستان بەنی‌سەدریان بە خیانەت لەدژی نەتەوەی کورد تاوانبار کرد، چونکە ناوبراو لەو کەسانە بوو کە لەو سەردەمەدا هەمیشە پاڵپشتیی لە سەرکوتی خەڵکی کوردستان کردووە و بەرگریی لە کردەوە سەرەڕۆیانەکانی \'\'ئەرتەشبود قەرەنی\'\' لە فتوای سەرکوتی شاری سنەدا دەکرد.

دووهەم: ناوچە کورنشینەکانی ئێران لە یەکەمین خولی هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماریی ئێراندا تەنیا ناوچەیەک بوو کە دەنگی \'\'نا\'\'یان بە بەنی سەدر دا.

سیێەم: فەرمانی بەنی‌سەدر لە بانەمەڕی ٥٨ و لە قسەکانی لە شاری تەورێز (فەرمان بە ئەرتش و سپای پاسداران دەکەم هەتا سەرکوتی شەڕ و ئاژاوەی کوردستان پووتینەکانتان لە لاقەکانتان دەرمەهێنن) گەورەترین هۆکار بۆ دوژمنیی ناوبراوە لە سەرکوتی خەڵکی کوردستاندا.
کوردستان میدیا: نەتەوەی کورد و حیزبە کوردییەکان بەگشتی چ کارێکیان لەمەڕ پێش‌گیری لەو شەرە ئەنجام داوە؟ لە کۆتاییشدا ئایا ئەو شەڕە پێشگیریی لێ دەکرا؟
خوشحاڵی: بە کورتی عەرزتان دەکەم:
یەکەمین جار لە ٢٣ی رێبەندانی ١٣٥٨ و لە یەکێک لە میتینگەکانی حیزبی دێموکرات لە شار مەریوان بە بەشداریی دەیان هەزار کەس، یەکێک لە فڕۆکە شەڕکەرەکانی بە تێپەڕ بوون بە ئاسماندا دیواری دەنگیی شکاند و نیشانی دا کە هیچ هێزێک ناتوانێت لە بازنەی کۆماری ئیسلامیدا بمێنێتەوە، تەنانەت ئەگەر خەڵکی‌ترین حیزبی مێژووی ئێرانیش واتە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بێت.

دووهەم: لە نەورۆزی خوێناویی شاری سنەدا هەرچەندە هەیئەتی دانووستانکار و کۆمیتەی دۆزینەوەی راستییەکان بە تەواوەتی بۆی دەرکەوت کە دەست پێکەری شەڕ و دەرگیرییەکان، کۆمیتەی ئینقلابی سەربە شۆرای ئینقلابە و قەرەنی فەرماندەری ستادی ئەرتش لەو سەردەمەدا بە شێوەیەکی سەرەڕۆیانە فەرمانی ئاگربارانی شاری سنەی داوە و لە ئاکامدا کوژران و برینداربوونی ٢٢٠ هاووڵاتیی لە نەورۆزی ١٣٥٨دا لێکەوتووەتەوە، بەڵام هەرگیز بە شێوەی فەرمی لە خەڵکی سنە و کوردستان داوای لێبوردنی نەکرد.

سێیەم: بە شکستهێنانی دانووستانەکانی مەریوان و کاتێک کە هێزەکانی کوردستان بە تەواوەتی بۆیان دەرکەوت کە مەبەستی رێژیم لەو هەموو پەڵپ و بیانووە و دواخستنی وتووێژەکان تەنیا رەخساندنی هەلومەرجێکی لەبارە بۆ سەرکوتی تەواو و هەمەلایەنی کوردستان، کۆچی مێژووی خەڵکی مەریوانیان رێکخست کە یەکەمین خۆراگریی مەدەنیی پاش شۆڕشی ٥٧ دێتە ئەژمار.

چوارەم: فتوای جیهادی خومەینی بۆ هێرش بۆسەر کوردستان کە تەنانەت بەپێی بنەما ئایینییەکانی ئایینزای شیعەش باتڵە (فەرمانی جیهادی هێرش لە سەردەمی غەیبەتی ئیمامی عەسر باتڵە و تەنیا لە چوارچێوەی دەسەڵاتی ئیمامانی پاک و مەعسووم دایە) و بە فەرمانی سەرکوتی سەرانسەریی خەڵکی کوردستان بە هەر نرخێک بێت، نیشانی دا کە ئامانجی رێژیم هەوڵدان بۆ جێگیر کردنی پاوانخوازی لە ئێران دایە. کۆمەڵکوژیی هۆڤانەی خەڵکی کوردستان، کۆمەڵکوژیی گوندەکانی قاڕنی، قەڵاتان، ئیندرقاژ، ئوچ تەپە، ئیعدامی هەزاران لاوی کورد لە دادگا نیزامییەکان و بەردەوامیی فەرمانی جیهاد لەژێر ناوی سەرکوتی سپی شپا سەرکوتی سەرانسەریی ٥٩ نیشانی دا کە رێژیمی ئیسلامی و ویلایەتی فەقیهـ لە دووی جێگیرکردن و چەسپاندنی پاوانخوازیین و مێژووش بە باشی ئەوە نیشان دەدات.

پێنجەم: پەژراندنی فەرمانی لێبوردنی خومەینی لەلایەن خەڵکی کوردستانەوە و چوونە نێو دانووستانەکان و لە درێژەدا سیاسەتەکانی کوشتنی کاتی بۆ تێکدان و لەناوبردنی یەکڕیزی و یەکگرتوویی سیاسی و نیزامیی حیزبەکان و لە ئەنجامیشدا شکستهێنان بە دانووستانەکان کەلە کۆتاییشدا فەرمانی دووهەمی هێرشی سەرانسەریی بۆ کوردستانی بەدواوە بوو، لە گرینگترین هۆکارەکانی شەڕی داسەپاوەی سێ مانگە لەدژی خەڵکی کوردستان پێشگیری نەکراوە و باشتر بڵێم بۆ چەسپاندنی پاوانخوازیی نیزام و داسەپاندنی کەش و دۆخی ترس و تۆقاندن و سەرکوت پێویست بوو.
کوردستان میدیا: ئایا ئێوە هیچ زانیارییەکتان لە هوشداری ٨ ماددەیی خومەینی کەلە رۆژنامەی ئیتلاعات لە یەکەمی خەرمانانی ١٣٥٨ ئاماژەی پێ کراوە زانیارییەکتان هەیە؟
خوشحاڵی: ئەو هوشدارە لە راستیدا هەوڵێکە بۆ چوارچێوەدار کردنی فەرمانی جیهادی خومەینی کە تێیدا تێکڕای هێزە چەکدارەکان ئەرکدار کرابوون لە خێراترین کاتدا رەوانەی کوردستان بکرێن. لەو فەرمانەدا هاتبوو کە دەبێ حیسابی خەڵکی کوردستان و حیزبەکان جیا بکرێتەوە، هیچ زیانێک بە بێ‌تاوانەکان نەگات و رێبەرانی حیزبی دێموکرات وەکوو خەیانەتکار دەسبەسەر و دادگایی بکرێن و بابەت‌گەلیکی لەم چەشنە. بەڵام ئەوە جێی سەرنجە کەلە دەقی ئەو فەرمانەدا خەڵکی کوردستان و حیزبەکانی وەکوو دوو رووی یەک دراو باس کراون و ئەم لێکدانەوەیە بە باشی تێیدا هەڵدەهێنجێندرێ.
کوردستان میدیا: ژمارەیەک لە چالاکانی سیاسی، بێ بەرنامەیی حیزبە سیاسییەکانی کوردستان لەو سەردەمەدا لە کوردستان یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی دەسپێکی شەڕ لە قەڵەم دەدەن، رای ئێوە لەو پێوەندییەدا چییە؟
خوشحاڵی: هەروەکوو پێشتریش گوتم بەرنامەڕێژیی رێژیم لەمەڕ جێگیر کردنی سیستەمی پاوانخوازی ئیدئۆلۆژیک بە هەر نرخێک لە بۆی دەڵوێ و هەرچەندە بەهۆی هێندێ بێ بەرنامەیی دەشێ بیانووگەلێک بۆ دەسپێکی دەرگیرییەکان لە ناوچەدا بووبێت و دواتریش هەندی ناهاوئاهەنگی نرخی زیاتری بۆ نەتەوە و بزووتنەوەی کوردی بەدواوە بووە، بەڵام ئەو بێ بەرنامەییە و نەبوونی هاوئاهەنگی نابێتە پاساوێک بۆ سەرکوت و دووبارە لەسەر ئەوە پێداگری دەکەمەوە ئەوەی کە رووی داوە بەرنامەی رێژیم بووە بۆ جێگیر کردن و چەسپاندنی سیستەمی سەرەڕۆ کە ئەمڕۆکە دەیبینین.
کوردستان میدیا: شەڕی سێ مانگەی کوردستان لە کام شاری کوردستان توندتر بوو و وەکوو ناوەندی شەڕەکە کام شار لە باری ستراتیژیکییەوە بۆ هەر دوو لایەن گرینگ بوو؟
خوشحاڵی: لە نێوان شار کوردنشینەکان، شارستانی سەقز بە هۆی هەڵکەوتەی تایبەتی جوغرافیایی (پردی باکوور ــ باشوور لە کوردستانی رۆژهەڵات) و هەروەها زاڵبوونی بەسەر ناوچەکانی رووباری شلێر و ناوچە نەوتییەکانی کوردستان عیراق، زیاترین رێژەی سەرکوتی تێیدا ئەنجام درا و وەبیرم دێ لە شوێنیکدا خوێندوومەتەوە لە شەڕی دووهەمی کوردستان بە ماوەی ٨ رۆژ بە شێوەی بەردەوام بە رێژەی نێونجی لە هەر خولەکێکدا سێ گوللـە تۆپ و خومپارە لە سەقز دراون.
کوردستان میدیا: لە پێوەندی لەگەڵ رۆڵی دەست و پێوەندییەکانی رێژیمی ئێران لە کۆمکوژیی خەڵکی بێ تاوانی کوردستان چ روونکردنەوەیەکتان هەیە؟
خوشحاڵی: جاشەکان، یان دەست و پێوەندییەکانی رێژیم لە کوردستانی ئێران یەکێک لە گەورەترین خیانەتەکانیان لە بەراورد لەگەڵ بەشەکانی دیکەی کوردستان ئەنجام داوە ئەو جاشانە چ لەو سەردەمەدا کەلە جلوبەرگی پێشمەرگەی موسڵماندا وەکوو پاسدارێکی ناوچەیی رۆڵێکی بەرچاویان لە هێنانی دوژمن بۆ کوردستان هەبوو چ ئەو سەردەمەی کە پاش چوونەدەرەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە رووی ناچارییەوە، هیچ بەزەیی‌یەکیان بە گیان و ماڵ و نامووس خەڵکی کوردستان نەکرد و چ ئێستاش کەلە قاڵبی پاسدار، بەسیجی و هێزە ئیتلاعاتییەکان بوونەتە سەربازانی خیانەت لەدژی فەرهەنگی کوردستان و سیاسەتە سپییەکانی رێژیم لە کوردستان رەچاو دەکەن و بەرەوپێشی دەبەن، گەورەترین خەیانەتیان لەدژی نەتەوەکەیان کردوە.
ماوەیەک پێش ئێستا بیستم کە سپای پاسداران لە هەر پارێزگایەکی کوردستانی ئێراندا دەستی داوەتە دامەزرانی یەکەگەلێکی تایبەت بەناوی \'\'گوردانی راوی پێشمەرگە (گردان شکار پیشمرگ)\'\' و بە هۆڤانەترین شێوازەکانی ئەشکەنجە و مەرگ و راهێنانیان پێ دەکرێت.
کوردستان میدیا: سادق خاڵخاڵی وەکوو نیردەی خومەینی بۆ دیاری کردنی حوکمەکان چ رۆڵێکی لەو کۆمەڵکوژییەدا هەبوو؟
خوشحاڵی: خاڵخاڵی وەکوو هێزی ترس و تۆقانی خومەینی پاش سەرکەوتنی شۆڕشی ٥٧، سەرەتا بە کوشتنی سەدان فەرماندەی باڵای ئەرتشی شاهەنشاهی و پاشان وەکوو یەکێک لە ئەندامانی هەیئەتی حاکم شەرع، بووە مەئمووری ئیعدامەکانی کوردستان و لە دادگا چەند خولەکییەکاندا سەدان و بگرە هەزاران لاوی کوردیان ناردە سەر پەتی سێدارە.
خاڵخاڵی یەکێک لە ئامرازە سەرەکییەکانی سەرکوتی رێژیم لە کوردستان و یەکێک لە گرینگترین فاکتەرەکانی دروست کردنی کەش و دۆخی ترس و تۆقاندن لە ناوچەکەدا بوو.
کوردستان میدیا: حیزب و رەوتە سیاسییەکانی کوردستان لە سەردەمی شەڕی ٣ مانگە هیچ هاوکاری یان هاوپەیمانییەکیان هەبوو؟
خوشحاڵی: بەڵە، لە زۆربەی حاڵەتەکاندا بە شێوەی سیستەمێکی یەکگرتوو لە بەرانبەر رێژیمی ئیسلامیی ئێران خۆراگرییان کردووە و جێ تێڕامانە هەر کات کە پێشمەرگەی کوردستان لە یەک ریزدا لە دژی رێژیم شەڕی دەکرد ماشینی رێژیم مەترسیی لەناوچوونی دەکرا. شەڕی گەورەی جادەی سەردەشت ــ پیرانشار و شکستی تەواوی نیزامییان رێژیمی کە خومەینیی ناچار بە دانووستان و ئاشتی کرد.
کوردستان میدیا: پاشەکشەی هێزەکانی رێژیم لە شارەکانی کوردستان بە چ ئامانجێک بووە؟ ئایا هیچ پێوەندییەکی لەگەڵ کەم کردنی رێژەی هێزەکانیان هەیە؟
خوشحاڵی: رێژیم پاش سەرکوتی نیزامی چیدیکە پێویستیی بەوە نەبوو هەتا چەکدارەکانی خۆی لە هەمان جلوبەرگدا بنیرێتە نێو خەڵک. لەوانەیە بوترێ چەکدارەکانی رێژیم لە کوردستان دوور کەوتوونەتەوە، بەڵام ئەمە رواڵەتی شتەکەیە، لەبەر ئەوە زۆربەی بەڕێوەبەران، بەرپرسان، فەرمانبەرانی پلەباڵا و بەدەنەی بوروکراتیکی رێژیم لە ئیدارەکان، پاسداری رێژیمی ئیسلامیی ئێرانن کە بە گۆڕینی جلوبەرگ هەنووکە مەئموورانی رێژیمی ئێران لە جینایەتی سپی لەدژی فەرهەنگی کورد دێنە ئەژمار.
کوردستان میدیا: هیچ بەڵگەیەک لە ژمارەی قوربانییانی ئەو شەرە خوێناوییە لە بەر دەستدا هەیە؟
خوشحاڵی: بە داخەوە نەخێر، ئەمە یەکێک لە خاڵە لاوازەکانی بزاڤی رزگاریخوازیی نەتەوەی کوردە لە کوردستانی ئێران دایه کە هەرگیز بە شێوەی جیددی ئەو ئامارە کۆنەکراوەتەوە. زۆربەی نەتەوە ستەم لێ کراوەکان ئاماری شەهیدان و خەباتکارانی خۆیان وەکوو بەڵگەیەک بۆ چەسپاندنی مافی چارەخۆنووسینی خۆیان بەکار هێناوە.
کوردستان میدیا: رووداوەکانی ئەو شەڕە لە میدیا جیهانییەکان و ناوەندەکانی مافی مرۆڤ و رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، دەنگدانەوەی هەبوو؟
خوشحاڵی: بەڵە، ئێستا ئەگەر لە رێگەی دونیای مەجازییەوە سەردانی ئارشیڤی رۆژنامە گرینگەکانی ئورووپا و ئەمریکا بکەین، بەوە دەگەین کە رووماڵی خەبەریی ئەو شەڕە بەپێی پێویستی ئەو سەردەمە ئەنجام دراوە.