کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئورووپا پێداگریی لەسەر پێوەندیی بازرگانیی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران دەکات

12:42 - 17 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: یەکیەتیی ئورووپا بڕیاری داوە، هەتا ئەو کۆمپانیا و لایەنە ئورووپاییانەی کە بە هۆی ترس لە گەمارۆوەکانی ئامریکا، کۆتایی بە پێوەندی و بازرگانییەکانیان لەگەل ڕێژیمی ئێران دێنن، سزا بدات.

ناتالی تووچی راوێژکاری فدریکا موگرینی، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا ڕایگەیاندووە، کە هەر کۆمپانیایەکی ئورووپایی بە هۆی گەمارۆوەکانی ئامریکا پێوەندی و بازرگانی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران ڕابگرێت، لە لایەن یەکیەتیی ئورووپاوە سزا دەدرێت.

هەروەها ناوبراو ڕایگەیاندووە، پێوەندی ئێمە لەگەڵ ڕێژیمی ئێران زۆر گرینگە، بەو هۆیەی کە ئەوە سیگناڵێکە بۆ ڕێژیم کە ئێمە پێبەندی ڕێککەوتننامەی بەرجام ماوینەتەوە.

ڕۆژی سێشەممە ١٦ی گەلاوێژ، هاوکات لەگەڵ ڕاگەیەندراوی وەگەڕخرانەوەی خولی یەکەمی گەمارۆوەکانی ئامریکا بۆسەر ڕیژیمی ئێران، یەکیەتیی ئورووپاش ئەو بڕیارەی دەر کردووە.

دانڵد ترامپ، لە کاتی ڕاگەیاندنی بڕیاری وەگەڕخستنەوەی گەمارۆوەکان، هەڕەشەی لە کۆمپانیا و بازرگانەکان کردووە، کە هەر کۆمپانیایەک لەگەڵ ڕێژیمی ئێران مامەڵە بکات، شانسی بازرگانی و مامەڵەی لەگەڵ ئامریکا لە دەست دەدات.

ئامریکا ئامانج لەو گەمارۆیانەی بۆ بەخۆداچوونەوەی ڕێژیمی ئێران و وازهێنان لە دەستێوەردان و هەڵسووکەوتە ناسالمەکانی لە وڵاتانی ڕۆژهەلاتی نێوەڕاست و گەڕانەوە بۆ سەر مێزی وتووێژ، باس کردووە.

لە ئەگەری بەردەوامبوونی ڕێژیمی ئێران لەسەر کردەوە خراپ و شەڕئەنگێزەکانی، بڕیارە کە ڕێکەوتی ١٣ی خەزەڵوەری ١٣٩٧ی هەتاوی، خولی دووهەمی گەمارۆوەکانی ئامریکا کارا بکرێنەوە.