کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وشکەساڵی قوڕگی ئێرانی وشکتر کردووە

13:32 - 8 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا وشکەساڵی لە ئێراندا پەرەی سەندووە و ٩٧ لە سەدی ئێران تووشی وشکەساڵی بووە.

"سادق زیاییان"، سەرۆکی ناوەندی وشکەساڵی و بەڕێوەبەری قەیرانی ڕێکخراوی کەشناسیی ئێران لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەرییەکانی ڕێژیمی ئێران باسی لەوە کردووە، لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە ٩٧ لەسەدی پانتایی ئێران تووشی وشکەساڵی بووە و بێئاوی خۆی یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی وشکەساڵییە.

ئەو بەرپرسەی ڕێژیمی ئێران باسی لەوەش کردووە، ئامار و نەخشەکان دەرخەری ئەوەن که وشکەساڵی لە ئێراندا زیاتر بووە و بەشێکی زۆر بەرینی پانتایی خاکی ئێران لەگەڵ وشکەساڵی بەروڕوو بووەتەوە.

بە وتەی "زیاییان"، شارەکانی وەک تاران، ئەلبۆرز، قەزوین، تەورێز، زەنجان، فارس، خوراسانی ڕەزەوی، کۆهگیلوویە و بویرئەحمەد، خوراسانی باشوور، خوزستان، بووشێهر، کرمان، کرماشان، لوڕستان، یەزد، سمنان، قۆم، سیستان و بەلووچستان هەروەها ئیسفەهان و چوار مەحاڵ و بەختیاری تووشی وشکە ساڵی درێژماوە و تەنانەت زۆر توند بوونه.

ڕێکەوتی ٢٥ی جوزەردانی ١٣٩٧ی هەتاوی، ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە وشکەساڵی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئافریقا بڵاو کردووەتەوە ، کە لەو ڕاپۆرتەدا ئاماژە بەوە کراوە، لەو ناوچانە لە ٤٠ ساڵی ڕابردوودا وشکەساڵی زیاتر و درێژخایەنتر بووە و ئەو ناوچانە کەمترین پاشەکەوتی ئاویان لە جیهاندا هەیە.

سەرەڕای ڕێکخراوە جیهانییەکان، کارناسانی ژینگەییی نێوخۆی ئێران و هەندێک لە بەرپرسانی ڕێژیم، بە بەردەوامی هۆشداری دەدەن کە قەیرانی ئاو لە ئێراندا ڕۆژ لەدوای ڕۆژ مەترسیدارتر دەبێت و تەنانەت خەڵکی کوردستان چەندین جار لەو پێوەندییەدا خۆپیشاندانیان کردووە، بەڵام بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، بەبێ لەبەرچاوگرتنی داهاتووی نەتەوەکانی ئێران، تەنیا خزمەتگوزارییەکانیان بۆ ناوەندی ئێرانە و ئامادەن بۆ ڕزگارکردنی ناوچە فارس‌نشینەکانی ئێران، ناوچەکانی دیکە لەنێو ببەن.