کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وشکەساڵی هۆکاری سەرهەڵدانەوەی نەخۆشییە کوشەندەکانە

12:44 - 28 پووشپەڕ 2718

کوردستان میدیا: بە هۆی  بێئاوی و ئەو زیانانەی بەر سروشت کەوتوون، ئەگەری سەرهەڵدانەوەی نەخۆشیی مالاریا لە زۆربەی ناوچەکانی ئێراندا هەیە.

"عەلیڕەزا ڕەئیسی" جێگری وەزیری تەندروستی، دەرمان و پەروەردەی ڕێژیمی ئێران،  لە سێمینارێک لەژێر ناوی "بەڕێوبەری قەیرانی وشکەساڵی و کاریگەرییەکانی لەسەر هاووڵاتیان"،  لە زانکۆی زانستیی پزیشکی جوندی‌شاپوری ئەهواز، باسی لە مەترسی سەرهەڵدانەوەی نەخۆشیگەلێکی کوشەندە بە هۆی وشکەساڵی  و پیسبوونی ژینگە لە ئێراندا کرد.

ئەم بەرپرسەی ڕێژیم باسی لەوە کردووە، مالاریا لە ساڵی ٢٠١١ بە شێوەیەکی بەرچاو نەمابوو، بەڵام بە هۆی وشکساڵی، نەبوونی بەڕێوبەری شیاو کە ئەو بەڵایانەی بەسەر سروشت و ئاو و کارەبادا هێناوە، مالاریا لە زۆربەی ناوچەکانی وڵاتدا سەری هەڵ داتەوە.

هەروەها ئاماژەی بە نەخۆشیگەلێکی وەک : "سالک، تای تیفوید و ئەلتور" کردووە، کە لە ماوەی ٣٠ ساڵی ڕابردوودا نەمابوون و ئەگەری ئەوە هەیە دووبارە سەر‌هەڵ بدنەوە.

هەروەها هاتنەخوارەوەی چۆنیەتیی ئاو، بە هۆکاری سەرهەڵدانی نەخۆشی وەکوو: وەبا، سکچوون و عوفوونەتە جۆراوجۆرەکان زانیوە.

 جێگیری وەزیری تەندروستیی ڕێژیم، هەروەها لە بارەی "نائەمنی خواردەمەنی"، لە ئێراندا هۆشداری داوە و وتوویەتی: "ئێران یەکێکە لەو ناوچانەی جیهان، کە لە باری ئەمنیەتی خواردەمەنییەوە لە ئاستێکی لاوازدایە".

پێشتریش "عیسا کەڵانتەری"، بەرپرسی ڕێکخراوی ژینگە، لە بارەی "نائەمنی خواردەمەنی" قسەی کردبوو و  وتبووی: کە سەرچاوە سروشتییەکان تەنیا دەتوانن بۆ ٥٠ میلیۆن کەس خواردن دابین بکەن و دەبێت  سەرچاوە خۆراکییەکانی دیکە لە ڕێگەی هاوردەکردنەوە دابین بکەین.