کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وڵاتی عێراق بەجێی کارەبای ئێران لە کارەبای عەرەبستان کەڵک وەردەگرێت

12:20 - 9 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: وڵاتی عێراق بڕیاری داوە، هەتا  لە کارەبای هەرزانی عەرەبستان بەجێی کارەبای ئێران کەڵک وەربگرێت.

بەپێی ڕاپۆرتی بڵاڤۆکی "نەشناڵـ"ـی ئەمارات، بڕیارە کە عەرەبستانی سعوودی، بۆ دروستکردنی وزەگەی خۆر و هەروەها کارەبای هەرزان یارمەتی وڵاتی عێراق بدات.

وەزیری وزەی عێراق لەو بارەوە ڕایگەیاندووە: "نرخی کارەبای عەرەبستان بۆ عێراق، چارەکە نرخی ئەو کارەبایەیە کە ئێران بە عێراقی دەدات".

پاش ئەوەی کە ڕێژیمی ئێران بە هۆی قەیرانی ئاو و کارەبا لە نێوخۆ، ئەو هێڵە کارەبایەی پچڕاند کە کارەبای عێراقی دابین دەکرد، بەو هۆیەشەوە لە شارەکانی عێراق و بەتایبەت لە شارە شێعەکاندا کۆمەڵێک ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی بە دژ حکوومەتی ناوەندی و هەروەها ڕێژیمی تاران سەریان هەڵدا.

بە هۆی لەنێوچوونی بنکەکانی وزەی وڵاتی عێراق، ئەو وڵاتە بە شێوەی نێوەنجی تەنیا توانایی دابینکردنی ٦٨ لەسەدی کارەبای پێویستیی خۆی هەیە، کە لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەی گەرما لە وەرزی هاویندا، ئەو ڕێژەیەش بەخێرایی دادەبەزێت.

بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە ناڕەزایەتییە خەڵکییەکان، دەوڵەتی عیبادی بەڵێنی داوە، کە بڕی سێ میلیارد دۆلار بۆ بووژاندنەوەی کەرتی وزەی کارەبای عێراق تەرخان بکات.