کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەرزی هەڵدێران

20:15 - 15 جۆزەردان 2718

کەریم پەرویزی

لە بڕگە هەستیارەکانی مێژوودا، سیما شاراوەکان زیاتر لە جاران خۆیان دەردەخەن. ئەگەر پێشتر کردەوە و لێدوانەکانیان تەنیا بۆ کەسە زۆر پسپۆڕ و بە وتەی باو "خاوەن‌ڕایان" دیار بوو و دەیانزانی کە چ بیرکردنەوەیەک لە پشتی لێدوانە بەڕواڵەت جوانەکانیانەوە خۆی حەشار داوە، لە بڕگە هەستیارەکاندا ئیدی ناچار دەبن خۆیان دەربخەن و هەموو کەس بەروونی سیمای شاراوەیان دەبینێ.

لە ئێراندا بە هۆی تاوان و دڕندەییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، سەدان هەزار کەس کوژراون و بە میلیۆنان کەس ماڵوێران و ئاوارە بوون و لەبەر ئەم تاوانە گەورانەی لە ماوەی چل ساڵی رابردوودا بەڕێوەیان بردووە، زۆر کەس و لایەن و رەوتی سیاسی لە هەمبەر ئەو دڕندەییانەدا هەڵوێستیان گرتووە و خەڵکیش پشتی ئەو کەس و لایەنە خاوەن هەڵوێستانەیان گرتووە.

لە نێو ئەو جۆرە کەس و لایەنانەدا هەبوون و ئێستاش هەن کەسانێک کە هەڵوێستیان دژ بە کۆماری ئیسلامی لەبەر باوەڕ و بیرکردنەوەی جیاوازیان نییە، بەڵکوو تەنیا لەبەر ئەوەیە کە خۆیان لە دەسەڵاتدا نین و گەر رێژیم گۆشەیەک لە شیرینیی دەسەڵاتی پێ بدایەتن، ئەوانیش قامچیەکیان دژ بە خەڵک رادەوەشاند.

لە ماوەی چل ساڵی رابردوودا، لەم جۆرە کەسانە زۆر هاتوون و چوون و ئێستاش کەسانێکیان هەر هەن و سیمای جۆربەجۆریشیان بەخۆوە گرتووە. جارێک بە ناوی چاکسازیخوازی، جارێک بە ناوی پەرەدان بە گوتاری دێموکراسی، جارێک بە ناوی دژایەتیی شەڕ و ماڵوێرانی و ... ویست و ئیرادەی دەروونیی خۆیان شاردۆتەوە و زۆر جار سیمای ئازادیخوازی و لایەنگری لە مافی خەڵکیشیان لەخۆیان نیشان داوە.

بۆ ئەوەی زۆر بەلاڕێدا نەچین، بەڕوونی دەتوانین ئاماژە بە کۆنە بازجوو و ئەشکەنجەگەرەکانی ساواک و سپای پاسداران و دەزگای ئیتلاعاتی رێژیمی تاران بکەین کە چوونەتە دەرەوەی وڵات و لە بڕگەیەکدا خۆیان بە ستەملێکراو نیشان داوە و سیمای دژایەتیی کۆماری سێدارەیان بەخۆوە گرتووە!

یان لە نێو رەوتە فیکریە دژە رێژیمەکاندا کەسان و لایەنی وا بە بیرکردنەوەی فاشیستییەوە هەن، کە لەژێر ناوی دێموکراسیخوازی و دروشمی دیکەدا خۆیان حەشار داوە، بەڵام لە بنەڕەتدا هەر وەکوو کۆماری ئیسلامی بیریان کردۆتەوە و لە هەموو کۆڕ و کۆبوونەوەیەکدا نموونەی لەو چەشنە پەیدا بوون کە لێدوانەکانیان رواڵەتی دێموکراتیکی هەبووە، بەڵام نیەت و هۆکاری دژکردەوەکانیان بۆ تێکدانی کۆڕێک و بیری فاشیستییان دەگەڕێتەوە.

ئەم جۆرە سیمایانە، لە حاڵەتی ئاساییدا رواڵەتی ئەمڕۆیی و ئازادیخوازی دەگرن، بەڵام لە بڕگە هەستیارەکاندا دەروونی خۆیان دەردەخەن؛ هەر وەک لەم چەند مانگەی رابردوودا کە کۆماری ئیسلامی کەوتۆتە ژێر گوشارێکی راستەقینەی جیهانیەوە، ئیدی دەمامکەکان فڕێ دەدرێن و بە ئاشکرا و بێشەرمانە دیفاع لە رێژیمی تاوان و سێدارە دەکەن. لە هەمووی سەیرتر ئەوەیە کەسانێک لەم ماوەیەدا دەمامکیان وەلاناوە و دیفاع لە رێژیمی ئیسلامیی ئێران دەکەن کە کەسوکار و هاوڕێی نزیکیان بەدەستی کۆماری ئیسلامی ئێعدام کراوە، یان لە زینداندا لەژێر ئەشکەنجە کوژراوە!

دەمامک فڕێدانی ئەو کەسانە و دیفاعی روون و رووهەڵماڵاوانەی ئەو کەسە دەمامکدارانە، هەرچەند دیاردەیەکی تاڵی سیاسییە کە سیمای خەباتکاری و تێکۆشان خەوشدار دەکا، بەڵام دەرخەری ئەو راستیەیە کە هەموو لایەک درکیان بەوە کردووە کە رێژیمی فاشیستی مەزهەبیی حاکم لە ئێران بەرەوە نەمان دەچێ و ئەوانە بۆیە دەمامک فڕێ دەدەن تاکوو بە هەر شێوەیەک بووە، سیستمی سەرەڕۆیی و پاوانخوازی لە تاران و ناوەندی ئێران بپارێزن، بەڵام دیارە کە مێژوو بڕیاری دیکەی داوە.