کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەزیری نێوخۆی ڕێژیمی ئێران، خۆپیشاندانەکانی خەڵکی بە کاری دوژمنانی دەرەوەی ڕێژیم دەزانێت

13:25 - 13 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: عەبدولرەزا ڕەحمانیی‌فەزڵی کاردانەوەی لە هەمبەر خۆپیشاندانە ناڕەزایەتییەکانی خەڵک هەبووە و بە ئاژاوەنانەوەی دوژمنانی ڕێژیمی زانیوە.

ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ١١ی گەلاوێژ، لە دانیشتنی بەرەنگاریی ئابووریی پارێزگای ورمێ، "عەبدولڕەزا ڕەحمانیی‌فەزڵی"، وەزیری نێوخۆی ڕێژیم، لە بارەی خۆپیشاندانە ناڕەزایەتییەکانی خەڵک لێدوانی دابوو وتبووی: "دوژمنان لە هەوڵی ئاژاوەنانەوەن، بەڵام بارودۆخ بە کۆبوونەوەیەکی ٢٠٠ کەسی تێک ناچێت".

هەروەها وتبووی: "یەکێک لە ئاستەکانی بەرەوڕووبوونەوەی دوژمن لەگەڵ ڕێژیمی ئێران دروستکردنی نائارامییە و وادەزانن کە ئەمە دەتوانێت کاریگەریی لەسەر ئێران هەبێت و ئەگەر ٥٠ تا ٢٠٠ کەس لە شوێنێک کۆ ببنەوە، بارودۆخی نێوخۆی وڵات تێک دەچێت".

ئەم بەرپرسەی ڕێژیم لە درێژەدا ڕایگەیاندبوو: " ئەمانە هاتوون لە وڵاتێکدا دانیشتنیان ئەنجام داوە، کە چ لایەن و نیزامێک وەک جێگرەوەی ڕێژیمی ئیسلامی دیاری بکەن، لەو دانیشتنەدا ٩٤ گرووپ دانیشتوون، کە هەموویان خۆیان وەک جێگرەوەی ڕێژیم پێناسە کردووە، بەڵام با چاک بزانن ئەم میللەتە ٤٠ ساڵە خۆڕاگری نەکردووە، هەتا چەند بەکرێگیراوێک و تێرۆریست و خۆ فرۆشێک بۆ ئەوان بڕیار بدەن".

پێشتریش بەرپرسانی سەربازیی ڕێژیم، خۆپیشاندەرانیان بە لات و لووت و سیخوڕی وڵاتانی ڕۆژئاوای لە قەڵەم دابوو.

خەڵکی لە شارە گەورەکانی ئێران بەمەبەستی ناڕەزایەتیدەربڕین لە هەمبەر بارودۆخی ئابووریی ئێستەی وڵات لەم چەند ڕۆژەی دواییدا ڕژاونەتە سەر شەقامەکان و دروشمی ڕووخانی ڕێژیمیان وتووەتەوە.