کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پارتی سوسیالیستی کوردستان ـ باکوور یارمەتی ماڵی پێشکەش بە حیزبی دێموکرات کرد

14:55 - 8 بەفرانبار 2717

کوردستان میدیا: کۆبوونەوەیەک لە نێوان کۆمیتەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و پارتی سوسیالیستی کوردستانی باکوور لە وڵاتی سویس بەڕێوە چوو.

ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٧ی بەفرانباری ١٣٩٦ی هەتاوی، لە شاری بێرن لە وڵاتی سویس، لە ناوەندی کۆمکار کۆبوونەوەیەک لە نێوان کۆمیتەی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران و کۆمیتەی پارتی سوسیالیستی کوردستانی باکوور لە سویس بەڕێوە چوو.

لە کۆبوونەوەکەدا کۆمەڵێک بابەت، یەک لەوان چونیەتی پشتیوانیکردنی ماڵیی بەردەوام لە ڕاسان و ھێزەکانی پێشمەرگە لە شاخەکانی کوردستان و ھەروەھا کار و پڕۆژەی ھاوبەشی نێوان ھەردوو کۆمیتە کرا.

لەو کۆبوونەوەیەدا ھەردوو لایەن لە سەر بەڕێوەبردنی چەندین کاری ھاوبەش بە مەبستی پشتیوانی زیاتری ماڵی کوردەکانی دانیشتووی وڵاتی سویس لە ڕاسان، ڕێکەوتن.

كامڕان ڕەسووڵی بەرپرسی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی سویس، وێڕای بەرز نرخاندنی ھەڵوێست و سیاسەتی پارتی سوسیالیستی کوردستانی باکوور بە نیسبەت ڕووداوەکانی کوردستان بە گشتی و ڕاسانی ڕۆژھەڵات بە تایبەتی ئاماژەی بەوەدا کە سیاسەت و ھەڵوێستەکانی پارتی سوسیالیست لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوو بە تەواو مانا لە ڕاستای پشتیوانی لە حیزبی دێموکرات و ڕاسانی ڕۆژھەڵات بووە ھەر بۆیە ھیوای خواست کە ئەو شێوە ھاوکاریانە لە نێوان ھەر دوو لادا بەردەوام بێت.

لە درێژە کۆبوونەوەکە دۆغان ئیناڵبەرپرسی کۆمیتەی سویسی پارتی سوسیالیست وێرای دووپاتکردنەوەی پشتیوانی کۆمیتەی حیزبەکەیان بۆ حیزبی دێموکرات ئامادەی خۆیان دەربڕی بۆ ھەر جۆرە ھاوکاریەکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و ڕاسانی ڕۆژھەڵات.

ھەر لەو کۆبوونەوەدا لە لایەن ئەندامان و دۆستانی پارتی سوسیالیست ڕێژەیەکی بەرچاوی ھاوکاری ماڵی پێشکەش بە ڕاسان کرا.