کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوردستان ئەمنترین شوێنی ئێران

13:21 - 6 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: هەواڵدەرییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران، به خستنەڕووی ئامارێک، له بارەی دیاردەی دزیکردنەوە، ئەمنترین پارێزگاکانی ئێرانیان دیاری کردووه.

هەواڵدەریی تەسنیم سەر بە ڕێژیم لە ڕاپۆرتێکدا، ئاماژەی بە دوایین سەرژمێرییەکانی ساڵی ٩٥، لە لایەن ناوەندی ئاماری ئێرانەوە کرد و باسی لەوە کردووە، کە ٥٨٥ هەزار و ٩٠٦ حاڵەتی دزیکردن له ئێراندا تۆمار کراوە، که به بەراورد لەگەڵ ٥ ساڵی پێشەوە، له ٥% بۆ ٧% زیادی کردووە.

بەپێی ئەم ئامارە، زۆرینەی حاڵەتەکانی دزیکردن تایبەتن به پارێزگاکانی تاران به ڕێژەی ٣٦%، ئەلبورز به ڕێژەی ٨%، خۆراسانی ڕەزەوی به ڕێژەی ١٢%، خووزستان به ڕێژەی ٥/٥ % و ئیسفەهان به ڕێژەی ٥% ، لەم نێوانەشدا نزمترین حاڵەتی دزیکردن تایبەت به پارێزگاکانی سنە، گیلان، هەمەدان، ورمێ و چوارمەحاڵ و بەختیارین.

لەم ئامارانەدا، دزینی ئۆتۆمبیل به ڕێژەی ٤٠% و کەرەستەکانی نێو ئوتۆمبیلەکان به ڕێژەی ١٤%، زۆرترین حاڵەتی دزییەکانیان لە خۆ گرتووه.

بڵاوبوونەوەی ئامارێکی لەم چەشنە، سەبارەت به دیاردەی دزیکردن له پارێزگاکانی ئێراندا و هەبوونی پارێزگاکانی تاران و ئەلبورز لە سەرووترین ئاستی ئەو دیاردە، باشترین دەرفەت بۆ پووچەلکردنەوەی ئەو ئیددعایەیە، کە ناوچه کوردنشینەکانیان به نائەمنترین ناوچەکانی ئێران دەزانی.