کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پارەیان نەبوو، تەقەڵی چەناگەی منداڵەکەیان هەڵوەشێندرایەوە

14:38 - 16 سەرماوەز 2715

کوردستان میدیا: لە نەخۆشخانەیەکی حکوومیی خومەینی شاری ئەسفەهان، پاش دوورینەوەی برینی چەناگەی منداڵێک، بە هۆی دەستکورتیی بنەماڵەکەیەوە، تەقەڵەکانیان هەڵوەشاندەوە.

حەمید‏ڕەزا تلووعی، جێگری دەرمانیی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی ئەسفەهان، دوێنێ ١٥ی سەرماوەزی ١٣٩٤ی هەتاوی ڕایگەیەند: منداڵێکی تەمەن ٤ ساڵان بە هۆی برینی چەناگەیەوە دەبردرێتە بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی ئەشرەفی خومەینی‏شاری ئەسفەهان و پاش دوورینەوەی برینەکەی، کاتێک کادرە دەرمانییەکان تێدەگەن کە دایکی منداڵەکە توانای دانی پارەی نەخۆشخانە، کە ١٥٠٠٠٠ تمەن بووەی نییە، بە بڕیاری بەرپرسی کادرە دەرمانییەکانی نەخۆشخانەکە، تەقەڵەکانی ئەو کچە ٤ ساڵانە هەڵدەوەشێننەوە و منداڵەکە بەو خوێن و خوڕەوە لە نەخۆشخانە دەچێتە دەرەوە.

بنەماڵەی ئەو کیژۆڵە بە ناوی سەدرا زاهێدپوور، تا ئێستا سکاڵایان لەمەڕ ئەو ڕووداوە تۆمار نەکردووە. بەڵام بڵاو بوونەوەی هەواڵی ئەم کارەساتە مرۆییە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، ناڕەزایەتیی خەڵک و چالاکانی مەدەنی بە دواوە بوە و وەزیری تەندرووستییش بۆ پێشگرتن بە تەشەنە کردنی ئەو هەواڵە، وەخۆ کەوتووە و تیمێکی بە مەبەستی بەدواداچوونی ئەو ڕووداوە بەڕێ کردووە.

ئەم کارەساتە لە کاتێکدا ڕووی داوە کە لە بنەڕەتدا، نەخۆشخانە حکوومییەکان نابێت پارە لە نەخۆش وەربگرن.

دۆخی نالەبار و خراپی نەخۆشخانە حکوومییەکان و کەمیی کەرەستەی پزیشکی لە ئێران، بە تایبەت لە پاش شەپۆلی گەمارۆ نێونەتەوەییەکان لە دژی ئێران، بۆتە ئارێشەیەکی جیددی بۆ خەڵک و وەزارەتی تەندرووستیی ئێران و تێچووی چارەسەری نەخۆشین لە نەخۆشخانە حکوومییەکانی ئێراندا، ٣ بۆ ٤ قات بەرز بۆتەوە، هەرچەند کە ئەمەشیان بەشێکە لە بەڵێنە بێ‏بنەماکانی دەوڵەتی یازدەهەم کە بەڵێنی ئاڵوگۆڕ لە سیستمی تەندرووستی و کەمکردنەوەی تێچووی نەخۆشخانەکانی بە خەڵک درابوو، ئەو بەڵێنەی وەک دێکەی بەڵێنییەکان، تەنیا دروشم بوو.