کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پاشەکەوتی ئاوی بەنداوەکانی پارێزگای هۆرمۆزگان تەواو بووە

13:06 - 4 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: ئاوی بەنداوەکانی پارێزگای هۆرمۆزگان وشک بوون و ٧٠٠ هەزار کەس بێئاو ماونەتەوە.

بە وتەی بەڕێوەری گشتیی شیرکەتی ئاوی ناوچەییی پارێزگای هۆرمۆزگان، سێ بەنداوی سەرەکیی ئاوی ئەو پارێزگایە، کە ٨٠ لەسەدی ئاوی شارەکانی بەندەرعەباس، خومەیر و گوندەکانی دەوروبەری دابین دەکات،  بەتەواوەتی وشک بوونە.

ئەو بەرپرسەی ڕێژیم لە درێژەدا وتوویەتی: کە بە هۆی کەمبوونەوەی ئاستی بارانبارینی ٨٠ لەسەدی، لە بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوو و وشکبوونی ئاوی ڕووبارەکان کە دەڕژێنە نێو بەنداوەکانی شومەیل، نیان و ئستقلال، بەنداوی شومەیل کەمتر لە ٥ میلیون مێتری چوارگۆشە ئاوی ماوە و بەنداوی نیان بەتەواوەتی وشک بووە و بەنداوی ئستقلالیش بە وشکبوونی سەدلەسەدیی نزیک بووەتەوە.

هوشەنگ مەلایی، بەڕیوەبەری گشتیی ئاوی ناوچەییی پارێزگای هورموزگان، لە وتەکانی ئاماژەی بەوە کردووە، کە ئەو پارێزگایە لە بارودۆخی کەمئاوی چووەتە ئاستی بێئاویی ڕەهاوە و نزیک بە ٧٠٠ هەزار کەس لەو پارێزگایە لەگەڵ بێئاوی بەرەوڕوو بوونەتەوە.

بێئاوی لەم پارێزگایە وشکبوونی ٥٠ دەشت لێ کەوتووەتەوە و سەرچاوەی ئاو لە زۆربەی ناوچەکان بۆ کاروباری وەرزێڕی و ئاوی خواردنەوە گەیشتووەتە کەمترین ئاست و خەڵکی ئەو ناوچانە بۆ دابینکردنی ئاوی خواردنەوەیان لە بیرەکان کەڵک وەردەگرن، کە ئەوانیش بەرەو وشکبوون دەچن.

بێئاوی لە ئاستی ئێراندا، بە هۆی کەمتەرخەمییەکانی ڕێژیم، بەرەو زیادبوونە و هەندێک ناوچە وەکوو بیاوانەکانی ناوەندی ئێران و پارێزگاکانی هۆرمۆزگان، سیستان و بەلووچستان و خووزستان، بەرەو کارەساتی مرۆیی نزیک دەبنەوە.