کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پولیسی تاران خانووی پەنابەرانی پاکستانییان ڕووخاند

18:18 - 13 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: پولیسی تاران بە بیانووی بوونی نایاسایی پەنابەرانی پاکستانی لە ئێراندا، دەیان خانووی ئەو پەنابەرانەیان لە دەوروبەری تاران ڕووخاندووە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوێکی خێرخوازی و چەند چالاکێکی مەدەنیی لە ئێراندا، حەوتوو پێشوو، پولیسی شاری تاران، بە بیانووی ئەوەی کە پەنابەرانی پاکساتنی بە نایاسایی لە ئێراندا دەژین، دەیان خانووی ئەو پەنابەرانەیان لە دەوروبەری تاران ڕووخاندووە.

لەم پێوەندییەدا هێندێکیش لە هەواڵدەرییە نێوخۆیییەکانی ئێران، باسی بێسەروشوێن بوونی حەوت منداڵ، لە دوای ڕووخاندنی ئەم خانووانە دەکەن.

ئەم کارەی هێزەکانی ئینتزامیی ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی چوارشەممە ١٠ی گەلاوێژی ١٣٩٧ی هەتاوی، بە فەرمانی وەزارەتی نێوخۆی ڕێژیم، بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوو جێبەجێ کراوە و چەندین هاووڵاتیی پاکستانیی نێشتەجێ لەم شوێنەیانیش دەسبەسەر کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی خێرخوازیی "جەمعییەتی ئیمام عەلی"، ئەم کەسانە ٣٠ ساڵ پێش ئێستە بە شێوەی نایاسایی هاتوونەتە ئێران و وەکوو هێزی کاری هەرزان کەڵکیان لێ وەر دەگیردرێت و لە زەوییە وەرزێڕییەکانی دەوروبەری شاری ڕەی و کەهریزەک لە خراپترین حاڵەتی تەندروستی و بژێوی ژیاندا دەژین.

پاش بێسەروشوێن بوونی ئەو حەوت مناڵە، لە لایەن بنەماڵەکانیان بەدواداچوونیان بۆ کراوە و بە بنکە ئینتزامییەکانی پێوەندیدار ڕایانگەیاندووە، بەڵام پاسگا ئینتزامییەکان وتوویانە، کە بۆ دۆزینەوەی ئەو مناڵانە هیچ کارێک ناکەن.