کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پڕۆسەی گۆڕانکاری پێکهاتەی حیزب و دەسکەوتەکانی بە کورتی

16:07 - 2 خاکەلێوه 2718

عومەر ئیزەدخواە

بەر لە هەر شتێک پێویستە ئاماژە بەوە بکەین کە پڕۆسەی گۆڕانکاری لە سیستمی کارگێڕی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، یاخود پێکهاتەی نوێی کارگێڕیەتی حیزب، بوو بە هۆکاری هاتنەکایەی بارودۆخێکی هزری ئەوتۆ لەلای ئەندام و بەڕێوەبەری پارتەکە، بەجۆرێک هەمووان کەوتنە بیرکردنەوەیەکی چڕ و بەربڵاو بەدوای گەڵاڵەکردنی گونجاوترین و باشترین نمونەی سیستم بۆ بەڕێوەبردن و کارگێڕیەتی نێوخۆیی.

بیرکردنەوەیەکی ورد و قووڵ لە ئاڵتێرناتیڤێکی لۆژیکی، بیرکردنەوە لە هۆکارەکانی گۆڕانکاری و پێویستی ئەو تێڕامانە و بەدوایدا هێنانەدی گۆڕانکاری، شیکردنەوە و تێڕامان و گەڕان بەدوای دەرەنجامە ئەرێنی و نەرێنییەکان لە رەهەندە جیاوازەکانەوە.

خودی ئەو پڕۆسەیە کە لە کرداردا تا ڕادەی ئەوتۆ جێبەجێکرا، تایبەتمەندی مامەڵەیەکی لۆژیکی پشتڕاست کردەوە ، ئەوەی دەتوانین بەڕوونی درکی پێبکەین و دەسپێکێکی ئەرێنییە، بریتییە لە خودی ئەو بیرکردنەوە و گەڕانە چڕوپڕە کە هزر و فەلسەفەی رامیاری لەلای پێگەی ئەندام و پاشخانی هزری پارتەکەی بردە قۆناغێکی پێشکەوتووتر، بەبەڵگەی چلۆنایەتی میکانیزمی ئەو گۆڕانکارییە کە لە میانەیدا دەرفەتێکی لەباری بۆ هەڵسەنگاندن و دەربڕینی ڕا رەخساند و لە کەشێکی کراوە و دێموکراسییانەدا پڕۆسەکەی پێ جێبەجێکرا.

لەلایەکی تریشەوە سیمایەکی گرنگ پێکدەهێنێ ئەویش بریتییە لە بەرزبوونەوەی لێڤڵی هزری رامیاری پارتەکە و جەماوەرەکەی، بەوپێیەی ئەو پڕۆسەیە دەبێتە ئەزمونێکی گرنگ بۆ بەڕێوەبردن و کارگێڕی حیزب و یارمەتیدەرێک و قۆناغێکی گرنگ دەبێت بۆ ئیدارەیەکی باشتر و نموونە بۆ ئیدارەی سیستمی سیاسی لە چوارچێوەی حکومەتی هەرێم یاخود دەوڵەتێکدا، واتە کۆڵەکەیەکی مەعریفی لە میانی کۆی ئەو جەدەل و مناقشە و مێزگێرد و شیکردنەوە و توێژینەوە و نوسین و هەڵسەنگاندنانەی کە لە کۆی پڕۆسەکە و دوای پڕۆسەکە هاتنە ئاراوە، پێکدەهێنێت و دەبێتە ئەزمونێکی باشتر لە مێژووی رامیاری حیزبی دێموکرات بۆ ئەندام و لایەنگران و لیدەرەکانی لە ئێستا و لە داهاتوودا.

دەتوانین لێرەدا ئاماژە بە هاوکێشەیەکی گرنگ بکەین ئەویش بریتییە لەوەیکە جەوهەری رامیاری کە خۆی دەبینێتەوە لە بەڕێوەبردنی دەسەڵاتی سیاسی و لەو پێناوەشدا پارتی رامیاری هاتۆتە کایەوە تاکوو ئیدارەی هێز بکات و لە چوارچێوەی سیستمی سیاسیدا لووتکەی دەسەڵاتی سیاسی بەڕێوەببات؛ ئەگەرچی پارتێکی وەک حیزبی دێموکرات لە قۆناغێکی گرنگی شۆڕشدایە و قۆناغەکە هەستیارە، بەڵام پرۆسەکە سەرتاپای بریتییە لە گەیشتن بە خاڵێکی ئەرێنی ( بەبوونی پڕۆسەیەکی دێموکراسی و یەکترقبوڵکردن و ئازادی بیروڕا دەربڕین ) هەروەک بەو شێوەیەی پڕۆسەکەی تێدا ئەنجامدرا، بەمشێوەیەش دەتوانین لەبارەی هزری رامیارییەوە بەقۆناغێکی گرنگ و دەسکەوتێکی کاریگەر پێناسەی بکەین.

کەواتە لەڕووی هزرییەوە هەروەک باسمان لێوەکرد پڕۆسەکە بوو بە دەرەنجامی هەنگاوهەڵێنانی گرنگی هزری و فەلسەفەی سیاسی؛ لەپاڵ ئەم دەسکەوتە هزرییە کە باسمان لێوەی کرد، دەتوانین ئاماژە بە بەرچاوترین دەسکەوتە ئەرێنییەکانی پێکهاتەی کارگێڕی نوێ بدەین بەم شێوەیە :

ئەو پڕۆسەیە ڕێگا بۆ ئاسانی و سانایی گۆڕانکارییە نێوخۆییەکانی حیزب لە داهاتوودا خۆش دەکات و کۆسپ و رێگر و بیرە نادێموکراسی و نادامەزراوەییەکان دەڕەوێنێتەوە و ئەزمونی دێموکراسی پارتەکە بەهێز دەکات.

لە رەهەندی دروستکردنی بڕیاڕدا لێکەوتەی گرنگی هەیە، بە نمرەی یەکەم خۆی دەبینێتەوە لە چارەسەرکردنی کێشەیەک بەناوی ( رۆتینات و مماطلە ) هاوتەریب بەوە و هەر لەو پێناوەشدا بە پسپۆڕی کردن و بە دێسانترالیزم، بەجۆرێک ناوەندە تایبەتمەندەکانی دەسەڵات و شارەزایی تایبەت بەخۆیان دەبێت و لەهەمان کاتیشدا سیستمەکە دەزگای تایبەتمەندی بۆ چاودێری و چوارچێوە گشتییەکان خوڵقاندووە.

کەواتە پسپۆڕی کە رەهەندێکی گرنگی حوکمڕانی و کارگێڕی ( باش و پێشکەوتوو )کانی لەم سەردەمەدا پێ دیاری دەکات و نمرەبەندی دەکرێن، بۆتە جیاکەرەوەیەکی بەرچاوی نێوان پێکهاتەی پێشووتر کە بە ( سانتڕالیزمی دێموکراتیک ) ناوزەد دەکرا لەگەڵ پێکهاتەی نوێ کە بیرۆکەکەی زیاتر دەگەڕێتەوە بۆ پرۆژەکەی لێپرسراوی گشتی کە بە ( فرەجەمسەری و هاوسەنگ ) ناونرا ، ئەو گۆڕانکارییە لەلایەک تەریبە لەگەڵ هاوچەرخبوون و سەردەمی بوون و پێشکەوتووخوازی و مۆدێلی سەرکەوتووانەی حوکمڕانی و کارگێڕی باش ، لەلایەکی تریشەوە ئەوەی گرنگە بۆ دۆخی هەنوکەیی خەبات و چالاکی شۆڕشگێڕانەی یەکە و بەشە جیاوازەکانی حیزبیش پێویستییەکی لە پێشینەیە .

تایبەتمەندییە سەرەکی و گۆڕانکارییە بەرچاوەکان :

١- بەرزبونەوەی ئاستی ناناوەندیەتی (دێسانترالیزم) .
٢- برەودان بە پسپۆڕیەتی.
٣- بەرزبوونەوەی ئاستی چاودێری و بەدواداچون و لێپرسینەوە .
٤- بەرزبوونەوەی ئاستی بەشداری ( گشتی + ژنان ).
٥- خێرایی بڕیاردان و رزگاربوون لە سستی.
٦- کەمبوونەوەی ئاستی رۆتینات و کاریگەرییە نەرێنییەکانی ململانێ و رکابەری ناسالم و نابابەتییەکان.
٧- بەرزکردنەوەی ئاستی پرەنسیپە دێموکراسییەکان.