کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پۆمپێئۆ: بۆ ئەوەی ڕێگری لە سەرکوتی خەڵکی ئێران بکەن، پەیوەست بن بە ئێمەوە

12:16 - 18 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: وەزیری دەرەوەی ئامریکا ڕێژیمی ئێرانی بە دوژمنی  ئاشتی و ئاسایشی جیهانی و هۆکاری سەرەکی بڵاوکردنەوەی تێرۆریزم پێناسە کرد.

ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ١٧ی گەلاوێژ، مایک پۆمپێئۆ وەزیری کاروباری دەرەوەی ئامریکا، بە بڵاوکردنەوەی تویتێک ڕایگەیاند: ئێمە داوا لە هاوپەیمانەکانمان دەکەین پەیوەست بن بە ئامریکاوە و هەلی دەستڕاگەیشتنی بەرپرسانی ڕێژیمی تاران بە سەرچاوە ماڵییەکان بۆ سەرکوتی خەڵکی ئێران و برەودان بە تێرۆریزم لە هەموو جیهاندا ببڕن.

پۆمپێئۆ جارێکی دیکە جەختی لەو ڕاستییە کردەوە کە ڕێژیمی ئێران ئەمڕۆ دژی ئاشتی و ئاسایشی جیهانییە.

وەزیری دەرەوەی ئامریکا دوای جێبەجێکردن و وەگەڕخستنەوەی گەمارۆ ناوکییەکانی سەر ڕێژیمی ئێران وتبووی: کاتی ئەوە هاتووە ڕێژیمی ئێران داهاتەکانی، خەرجی خەڵکی ئێران بکات لە جیاتی ئەوەی خەرجی پشتیوانی لە تێرۆری بکات.

ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ١٥ی گەلاوێژ، دانڵد ترامپ سەرۆکی ئامریکا، بڕیاری جێبەجێکردنی گەڕانەوەی گەمارۆکانی سەر ڕێژیمی ئێرانی واژۆکرد.

گەمارۆکانی سەر ڕێژیمی ئێران بوارەکانی: کڕینی دۆلاری ئامریکا لەلایەن ڕێژیمی ئێران، بازرگانی کانزا بەنرخەکان، کڕین و فرۆشتنی کانزای خاو یان نیوە دروستکراوی ئالۆمنیۆم و ئاسنی ئێران دەگرێتەوە. هەروەها ئەم گەمارۆیانە هەرجۆرە ئاڵوێرێکی بازرگانی بواری ماشینسازی لە ئێراندا قەدەغە کرد.