کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پیشانگای وێنەی \"ئاگر بەڵای گیانی لێڕەواڕەکانی زاگرۆس\" لە زانکۆی مەریوان کرایەوە

21:05 - 5 سەرماوەز 2715

کوردستان میدیا: زانکۆی پەیامی نووری مەریوان میوانداری پیشانگایەکی وێنەی سووتانی لێڕەواڕەکانی زاگرۆسە کە لەو ئاگرکەوتنەوانەدا بە هەزاران بنە دار، دەوەن و چەشنی جوراوجۆری ژینگەیی لەناو چوون.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئەم پیشانگایە لە ژێرناوی ئاگر، بەڵای گیانی لێڕەوارەکانی زاگرۆس بەڕێوە دەچێت.

لەم پیشانگایەدا ٥٠ بەرهەمی هونەری پیشان دەدرێت کە لەوێدا تراژیدیی سووتانی لێڕەواڕەکانی زاگرۆس، کە وەکوو پەڵەیەکی ڕەش کاریگەریی ڕووخێنەری بەر ژینگە خستووە، وێنا کراوە.

یەکێک لە چالاکانی ژینگەپارێز و بەرپرسی ئەو پیشانگایە، ئامانج لە وەڕێخستنی ئەم کارە هونەرییەی بە ناساندنی سووتانی چەندین ساڵەی لێڕەوارەکانی زاگرۆس بە تایبەت جەنگەڵەکانی مەریوان و سەوڵاوا و هەروەها زیانێک کە بەر سەرچاوەی سروشتی و دەستدرێژیی نابەجێی مرۆڤ بە هەناسەدانی جیهان ڕاگەیاند.

ئارمان غەفووری گوتی: ئەرکی هەموو تاکێکی ناو کۆمەڵگایە بەرگری لە پاراستنی سەرمایەی هەرمان و هەڵمژینی هەوای ژیان کە بە شێوەی سووتان دەستدرێژی دەکرێتە سەری، بکات. لەم ساڵانەدا شاهێد بووین کە خەڵک و NGOکان یەک لەوان ئەنجومەنی سەوزی چیا لە مەریوان، زۆرترین ڕۆڵیان لە کۆنتڕۆڵ کردنی ئاگرکەوتنەوەکان‏دا گێڕاوە.

ئەم پیشانگایە لە یەکی سەرماوەزەوە تاکوو پێنجەمی ئەم مانگە، لە هۆڵی زانکۆی پەیامی نووری مەریوان بەڕێوە دەچێت.

پارێزگای کوردستان لە زنجیرە چیای زاگرۆس هەڵکەوتووە و یەکێکە لەو پارێزگایانەی کە چەند ساڵیکە بە شێوەی بەربڵاو ئاگر لە جەنگەڵەکانی بەردەبێت، بەڵام تاکوو ئێستا ڕێکارێکی زانستی و کردەیی بۆ ڕێکێفی ئەم ئاگرکەوتنانە نەگیراونەتەبەر.

12684.jpg