کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پیشانگایەکی تایبەت بۆ بەرهەمەکانی عوسمان نیکمەنش لە سنە بەڕێوەچوو

22:39 - 6 خاکەلێوه 2714

کوردستان میدیا: پیشانگای بەرهەمە هونەرییەکانی عوسمان نیکمەنش، پەیکەرتاش و شێوەکار ناوداری کورد، لە شاری سنە کرایەوە و بڕیار وایە هەتا ٩ رۆژی دیکە بەردەوام بێت.


بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، سەرلە بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە رێکەوتی ٦ی خاکەلێوە، پیشانگایەکی تایبەت بە هونەری شێوەکاری و پەیکەرتاشی بۆ بەرهەمەکانی عوسمان نیکمەنش لە نیگارخانەی ئیرشادی شاری سنە دەستی پێکرد.
عوسمان نیکمەنش لە پێوەندییەکی تەلەفوونیدا بە هەواڵنێری \'\'کوردستان میدیا\'\'ی راگەیاند: ئەم پیشانگایە ٦٠ هەتا ٧٠ بەرهەمی شێوەکاری و نیگارکێشیی لەخۆ گرتووە کە ناوەڕۆکی بەرهەمەکان زیاتر لە بواری کۆمەڵایەتی و کارەساتی کیمیایی بارانی هەڵەبجەی دایە.
ئەو هونەرمەندە وتیشی: هەتا ئێستا زیاتر لە ٨٠ پیشانگام لە ناوخۆی ئێران و هەروەها شارەکانی هەرێمی کوردستان وەکوو سلێمانی، هەولێر، دهۆک و هەڵەبجە و وڵاتانی بیانیی وەکوو ئیسپانیا و تورکیە بۆ بەرهەمەکانم کردووتەوە.
عوسمان نیک مەنش لە ساڵی ١٣٣٣ لە گەڕەکی قەتارچیانی شاری سنە چاوی بە ژیان هەڵێناوە و لە تەمەنی میرمنداڵیدا لەگەڵ هونەرمەندانی وەکوو هادی زیائەدینی و عزیز شەعبانی ئاشنا بووە و بەم هۆیەوە حەزی لە نیگارکێشی و شێوەکاری بەهێزتر بووە.
ئەم هونەرمەندە کوردە جیا لە بابەتی کۆمەڵایەتی و کارەساتی هەڵەبجە و ئەنفال، لە بواری رێنووس، نیگارکیشیی نەخشە، کێشانەوە سروشت، ئاسک و ماسی، هەزار کەوچک، ئاوێزە دیوارییەکان و پەیکەرە بچکۆلەکان لە جنسی دار و بەرد، دەستێکی باڵای هەیە.
درگای پیشانگای بەرهەمەکانی نیکمەنش هەتا ١٥ خاکەلێوە بە رووی هاووڵاتییان و هونەردۆستاندا بەردەوام دەبێت.