کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشمەرگەیەکی کۆماری کوردستان ماڵاوایی لە ژیان کرد

14:05 - 17 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: کاک "خدرئاغا"، هاوڕێی شەهید دوکتور قاسملوو و پێشمەرگەی کۆماری کوردستان، بۆ هەمیشە دڵی لە لێدان کەوت.

ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ١٦ی گەلاوێژی ١٣٩٧ی هەتاوی، کاک "خدر ئاغا"ی مێشەدێ، ئەندامێکی دێرین و بەوەفا، کەسایەتییەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە ناوچەی پیرانشار بۆ هەمیشە ماڵئاوایی لە نیشتمان و حیزبەکەی کرد.

کاک خدر ئەندام و پێشمەرگەی کۆماری کوردستان، ئەندامی چالاکی جووڵانەوەی ساڵانی ٤٦ و٤٧ی هەتاوی، بەندکراوی سیاسی و خۆڕاگری نێو قەسابخانەکەی پادگانی جەڵدیان و سیاچاڵەکانی ورمێ شایەتی بۆ لەخۆبردوویی و خۆڕاگری ئەو ڕۆڵەی دێموکرات‌ دەدەن، کە چۆن یازدە مانگ ئەشکەنجه و ئازار چوکیان پێی دانەدا.

ناوبراو لە دوای ئازادبوونی نەک لە خەبات و تێکۆشانی حیزبی نەوەستا، بەڵکوو بەپێچەوانە زۆر بەورەتر و شێلگیرتر لە جاران تێکوشانی خۆی دەست پێ کردەوە. ماڵی کاک خدر ببوو بە مەکۆی حەسانەوەی شۆڕەسوارانی ٤٦و ٤٧؛ ئەگەر کێوی بەرزی سپی‌سەنگ شوێنی خۆڵقانی حەماسەی شەهید سلێمان موعینی و هاوڕێیەکانیەتی بە پشتیوانی و یارمەتیدانی تێکۆشەرێکی وەک کاک خدر ئاغای مێشەدێ بووە.

لە دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران کاک خدر دەبێتە یار و جێی بڕوا و متمانەی ڕێبەری گەورە و نەمرمان دوکتور قاسملوو؛ هەر ئەو هەست و بیرەی کاک خدر دەبێتە هەوێن و هاندەری ئەوە کە خزم و کەسوکاری بێنه ناو ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و ٩ شەهیدی سوورخەڵات یەک لەوانە ئوستوورەی کورد، شەهید هەمزە بێهنام، پێشکەش بە کوردستان بکەن.

ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران، زۆری هەوڵی دا تاوو بتوانێت کاریگەری لەسەر ئەو کەسایەتییە نیشتمانپەروەرە دابنێ و  بە لاڕێیدا ببات، بەڵام ئیرادەی کاک خدر زۆر لەو بەهێزتر بوو، کە ئەوان بتوانن بەسەر ئیرادەی پێشمەرگەیەکی کۆماری کوردستاندا سەر بکەون.

کاک خدر، نەوەی هەمزەئاغای مەنگوڕە، کە لە ماوەی تەمەنیدا سەردانی هیچ دامەزراوەیەکی ڕێژیمی ئێرانی نەکرد، چونکە سوێندخواردووی پێشەوا بوو.

کاک خدری مێشه‌دێ، (سالار عەشایری)، کەسایەتیی بەرچاو  و مەزنی ناوچەی مەنگوڕایەتی، هەتا دواساتەکانی ژیانی وەک وەفایەک بۆ نیشتمانەکەی، لە گوندی مێشەدێ نیشتەجێ بوو.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، وێڕای بەداخبوونی خۆی بۆ کۆچی دوایی ئەو کەسایەتییە نیشتمانپەروەرە، سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.