کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشنیاری سەیری نوێنەرێکی مەجلیس، بۆ گەمارۆ خستنەسەر کۆمپانیای ئادیداس

11:55 - 4 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: نوێنەرێکی مەجلیس، لە وڵامی گەمارۆوەکانی کۆمپانیای ئادیداس، داوای ڕێخستنی ناڕەزایەتییەک بە شێوەی سووتاندنی کەلوپەلەکانی ئادیداس دەکات.

دوای ئەوەی کۆمپانیای نایک بەکارهێنانی کەلوپەلەکانی لە لایەن وەرزشوانانی ئێرانییەوە قەدەغەکرد و ئیزنی بەکارهێنانی کەلوپەلەکانی بە تیمی ئێرانی لە جامی جیهانیی لە ڕووسیە نەدا، کۆمپانیای ئادیداسیش فرۆشتنی ڕاستەوخۆی کەلوپەلەکانی بە ئێران ڕاگرت.

غوڵامعەلی جەعفەرزادە ئەیمنابادی، نوێنەری مەجلیس  و ئەندامی فراکسیۆنی وەرزشیی ڕێژیمی ئێران، وەک وەڵامدانەوەیەک بەرانبەر بەگەمارۆوەکانی ئادیداس داوا لە خەڵك دەکات، کە پێڵاو و کەلوپەلەکانی ئەم کۆمپانیایە بەکار نەهێنن و بیانسووتێنن، هەتا گوشار لەسەر کۆمپانیای ئادیداس دروست بکەن و گەمارۆوکانی لەسەر ڕێژیم لا ببات!

هەروەها وتوویەتی: "ناڕەزایەتیی بە شێوەی نەکڕینی کەلوپەلەکانی ئادیداس هەموو وڵات بگرێتەوە و لەم ڕاستایەدا دەتوانرێت کۆگایەک لە کەلوپەلەکانی ئادیداس بسووتێنرێت.

ئەم نوێنەرەی مەجلیس، لە لێدوانی سەیرتریش وتوویەتی: "دەیان بژاردە و شتومەکی وەرزشی دیکە هەن، کە دەتوانرێت بە ئاسانی جێگرەوەی ئادیداس ببن و بەو شێوە نییە ئەگەر یاریزانەکان ئادیداس لەبەر بکەن  دەبنە پاڵەوانی جیهان، بۆیە باشتر وایە ئێمە هەرچی زووتر دەست پێ بکەین و گەمارۆی نەکڕینی کەلوپەلەکانی ئادیداس ڕێک بخەین".