کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشکەش کردنی فیلمی سینەماکارێکی کورد بە ئەرشیڤی زانکۆی مۆنێش

17:04 - 5 خاکەلێوه 2715

کوردستان میدیا: پووران درەخشەندە سینەماکاری کورد، دوایین بەرهەمی خۆی پێشكەش بە ئەرشیڤی زانكۆی مۆنێشی ئوسترالیا كرد.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، پووران درەخشەندە لە یەكەمین كۆنفرانسی نێودەوڵەتیی زانكۆی مۆنێش Monash لە شاری مێلبۆڕنی ئوسترالیا وتارێكی پێشكەش كرد و دوای نمایش کردنی فیلمی سینەمایی بێدەنگ! كچەكان ناقیژێنن دوایین بەرهەمی خۆی پێشكەش بە ئەرشیڤی ئەم زانكۆیە كرد.

پووران درەخشەندە یەكەمین كەس بوو كە لە كۆنفرانسی نێودەوڵەتیی زانكۆی مۆنێشـدا وتاری پێشكەش كرد و ئاخاوتنەكەی لەلایەن مامۆستایانی زانكۆ، قوتابیانی ئامادەبوو لە هۆڵی كۆلێژی كاولفیدی زانكۆی مۆنێش و هەروەها بانگهێشتكراوان و هۆگرانەوە پێشوازیی لێكرا.

بەپێی ئەم راپۆرتە، رۆژی شەممەی رێکەوتی ٢٣ی رەشەمەی ١٣٩٣ی هەتاوی، فیلمی سینەمایی بێدەنگ! كچەكان ناقیژێنن لە نوێترین بەشداری نێونەتەوەیی، دوای پێشكەش كردنی وتاری ئەم فیلمسازە كوردە لە یەكەمین كۆنفرانسی نێودەوڵەتیی زانكۆی مۆنێشی مێلبۆڕندا نمایشكرا و لەلایەن خوێندكاران و بینەرانەوە پێشوازیی لێكرا.

ئەم كۆنفرانسە نێودەوڵەتییە بە پشتیوانی رێكخراوەی ئاسیایی مۆنێش و كۆمەڵەی ئێرانییەكانی دانیشتووی ئوسترالیا، بۆ یەكەمین جار لەم وڵاتە و بە تەركیز لەسەر رۆژئاوا و ئاسیای ناوەندی و پەنابەرە بیانییەكان و بە ئامادەبوون و پێشكەش كردنی وتار لەلایەن كەسایەتییە بەناوبانگەکان و گرینگە نێودەوڵەتییەكان، لەوانە: دەرهێنەری ناوداری سینەمای ئێران خاتوو پووران درەخشەندە، رۆشنبیری بەرچاوی نێودەوڵەتیی غەسان هیگ، چالاكی مافی مرۆڤ ئارنۆڵد زابل، جۆرج گیتۆس لە دامەزرێنەرانی ماڵی زەرد لە سیدنی و جەلال ئاباد و چەندین كەسایەتیی زانستیی دیكە لە كۆلێژی كاولفید لە زانكۆی مۆنێش لە شاری مێلبۆڕن لە وڵاتی ئوسترالیا بەڕێوەچوو.

هەروەها، ئەم فیلمە لە دوایین بەشداریی نێونەتەوەیی خۆیدا بە ئامادەبوونی پووران درەخشەندە لە بەشی پێشبڕكێی پێنجەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی مالاتیا (MALATYA) لە شاری مالاتیا لە توركیا نمایشكرا و لەلایەن بینەرانی ئامادەبوو لە فێستیڤاڵ و هەروەها ئافرەتانی شاری مالاتیاوە پێشوازیی لێكرا.

کازیوە.ر